فەرەنسا داوا لە پیاوانی ئاینیی ئیسلام دەكات رێگر بن لە توندڕەوبوونی گەنجان
K24 – ھەولێر:
حكوومەتی فەرەنسا داوا لە پیاوانی ئاینی ئیسلام دەكات رێگری بكەن لە توندڕەوبوونی گەنجانی فەرەنسا، سەرانی فەرەنسا كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ ئەنجوومەنی موسڵمانانی وڵاتەكەیان ئەنجام دا و داوایان لێكردن پابەندبن بەبەھا و رێساكانی فەرەنسابن.
مانوێل ڤالس سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند: " كردەوە دژ بە ئیسلام و سامی و كریستیانەكان لە فەرەنسا روو لە زیاد بوونە، ھەزاران گەنج لە وڵاتی ئێمە كەم تا زۆر كاریگەری بیرۆكەی توندڕەوییان لەسەر ھەیە، ئەوەی لە مۆلەنبیك روویدا، پێت دەڵێت لە ھەندێك گەڕەك و ناوچەكانی ئێمە، ھەست بەوە ناكەی كە تۆ لە فەرەنسا یان بەلجیكا دەژیت".
ئەنوەر كبیبەچ سەرۆكی ئەنجومەنی موسڵمانانی فەرەنسا گوتی: "ئەنجوومەن و كۆمەڵگای ئیسلامی لە فەرەنسا ھەموو ھەوڵێك دەدەن بۆ رێگریكردن لە توندڕەوی كە بووەتە پەتا لەو سەردەمە، ئەو رووداوانەی پاریس و برۆكسل ئاماژەن بۆ ھەبوونی توندڕەوی، موسڵمانانی فەرەنسا ھیوای ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ فەرەنسا دەخوازن".
نزیكەی 5 ملیۆن موسڵمان لە فەرەنسا دەژین، لە ساڵی رابردوو چەند ھێرشی چەكداریی و تەقینەوە لە پاریس رویدان، دیاریترینیان ھێرشەكەی سەر گۆڤاری (شارلی ئێبدۆ) و ھێرشی چەكداریی و تەقینەوەكانی پاریس بوون.