ئينته‌رپوڵ: سێ هه‌زار چه‌كدارى داعش دزه‌يان كردووه‌ته‌ نێو ئه‌وروپاوه‌

لە ئەنجامی 3 كردەی خۆكوژی لە بەلجیكا، كە فڕۆكەخانە و میترۆی ناوەندی برۆكسلی پایتەختی بەلجیكايان كرده‌ ئامانج ژماره‌یه‌ك قوربانی لێكه‌وته‌وه‌.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/6e777d3c-e0a5-43f2-9baa-cb675ad1fdb1/Reaction%20Belgium.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

لە ئەنجامی 3 كردەی خۆكوژی لە بەلجیكا، كە فڕۆكەخانە و میترۆی ناوەندی برۆكسلی پایتەختی بەلجیكايان كرده‌ ئامانج ژماره‌یه‌ك قوربانی لێكه‌وته‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا پۆلیسی نێوده‌وڵه‌تی رايگه‌ياند، نزیكه‌ی سێ هه‌زار كه‌س له‌ نێو رێكخراوی داعش دزه‌یان كردووه‌ته‌ نێو وڵاتانی ئه‌وروپا و هاوكات به‌رپرسانی یه‌كێتی ئه‌وروپا باس له‌ یه‌كگرتوویی بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعش ده‌كه‌ن.

دوابەدوای راگەیاندنی دەستگیركردنی تۆمەتباری سەرەكی تەقینەوەكانی پاریس، سەلاح عەبدولسەم، لە بەلجیكا،  سەرلەبەیانی سێشەممە 22 ی ئازار، چەند تەقینەوەیەكی خۆكوژی لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا روویاندا، كە گومان دەكريت ئەمە كاردانەوەی راستەوخۆی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە بيت.

یەكەمین دوو تەقینەوە لە رێڕەوی دەرچوونی فڕۆكەخانەی زاڤانتام ی نيودەوڵەتی ئەو وڵاتە روویاندا، كە لە قەرەباڵغترینی كاتژمێرەكانی دەستپێكى گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەكە بوو.

تەقینەوەكە زیاتر لە 25 كوژراو و زياتر 150  برینداری لێكەوتەوە، ئەمە بێجگە لە بوونی تەقە و رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس گومانلێكراوان و دۆزینەوەی پشتێنی خۆتەقاندنەوە و چەند پارچە چەكێك. دەستبەجێ دوو تیمی تەندروستی گەیشتنە شوێنەكە و بەرپرسانی فڕۆكەخانەكەش راستەوخۆ، فڕۆكەخانەیان داخست.

رێنۆود مازی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی زانكۆی سێینت-لووك گوتى: "زوو ئاگادار كراینەوە، كە پێویستە لەو پەڕی ئامادەییدابین و پلانی باری لەناكاو جێبەجێ بكەین. ئەمە پلانێكە كە زۆر دەگمەنەو باڵاترینی پلانە تەندروستییەكانە. لە بەیانیشەوە بریندار و قوربانی وەردەگرین".

دوای چەند خولەكێكیش، لە نزیكەی كاتژمێر 8 ی بەیانی، تەقینەوەكی ديكه‌ی خۆكوژی میترۆی، مایلبیك، ژێرزەمینی برۆكسڵی گرتەوە، كە كەوتۆتە نزیكی بارەگای یەكێتی ئەوروپا. ئەم تەقینەوەیە خۆكوژییەش زیاتر لە 20 كوژراو و دەیان برینداری لێكەوتەوە و حكومەتی ئەو وڵاتەش باری نائاسایی راگەیاند.

كریستیان دێ-كۆنینك، وتەبێژی پۆلیسی برۆكسل گوتى: "تەقینەوەیەك لە میترۆی مایلبیك روویاندا، تیمی جیاجیا لە لێكۆڵینەوەدان، كوژراو و برینداری زۆر ھەن، ژمارەكان لە گۆڕاندان. ئێستا پێشینەی كارەكانمان ھاریكاری قوربانیان دەكەن و پەیوەندی بە خێزانەكانیانەوە دەكەین. ئێستا ژمارەیەكی تایبەتمان بۆ باری نائاسایی پێویستی خەڵك داناوە، كە 1771، ئه‌گەر خەڵك ھاریكاری زانیاریان بوێت".

دوای رووداوەكەش، حكومەتی بەلجیكا ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی خستە ئاماددەییەوە بۆ رێگریكردن، ئەگەر كرداری وەھا دووبارە ببنەوە. ھەروەھا، وڵاتانی ھاوسنووری بەلجیكا سنوورەكانیان توندوتۆڵتر بكەن و فەرەنساش بەتەواوی سنوورەكانی لەگەڵ بەلجیكا كۆنتڕۆڵ كرد.

ھەروەھا لای خۆشیان، بەرپرس و سەركردە باڵاكانی وڵاتانی ئەوروپا و دەرەوەی ئەوروپا كردەوەكەیان پرۆتستۆ كرد و ئامادەكاری و ھاوخەمی خۆیانیان بۆ بەلجیكا راگەیاند.

ماوەیەك لەمەوبەر ئینتەرپۆل، پۆلیسی نێودەوڵەتی رایگەیاند، كە نزیكەی سێ هه‌زار كەسی نزیكی داعش لەگەڵ پەناخوازانەوە دزەیان كردووه‌تە ئەوروپا. وڵاتانیش لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ چڕكردنەوەی تواناكانیان لە لاوازكردنی داعش و رێكخراوە ھاوشێوە توندڕۆكان، كە پێدەچێت زیاتر لە لە ھەوڵی سەربازی بۆ قەلاچۆكردنیان پێویست بكات.