بەلجیکا ناسنامەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکانی برۆکسلی ئاشکرا کرد

K24-هەولێر

دەزگاکانی راگەیاندن لە بەلجیکا، ئەمڕۆ چوارشەممە، ناسنامەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکانی برۆکسلیان ئاشکرا کرد و رایانگەیاند ئەنجامدەرانی تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی برۆکسل دوو بران بە ناوەکانی ئیبراهیم بەکراوی و خالید بەکراوی.

دەزگاکانی راگەیاندن لە بەلجیکا ئەوەشیان ئاشکرا کرد کە ئیبراهیم بەکراوی و خالید بەکراوی دوو هاوڵاتیی بەلجیکان.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ، دوو تەقینەوەی خۆکۆژیی فڕۆکەخانە شاری برکۆسل پایتەختی بەلجیکا کردە ئامانج و دواتر تەقینەوەیەکی دیکە هێڵی میترۆی لە شارەکە کردە ئامانج و بوونە هۆی کوژرانی 34 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 200 دیکە، هاوکات رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان راگەیاند.

ئەم رووداوانە دوای چوار رۆژ لە دەستگیرکردنی سەڵاح عەبدولسەلام لە بەلجیکا روویان دا کە گومان دەکرێت یەکێک بێ لە رێکخەرانی هێرشەکانی پاریس لە مانگی یازدەی ساڵی 2015.

هاوکات پۆلیسی بەلجیکا بە دوای گەمانلێکراوێکدا دەگەڕێ کە دەڵێ پێش روودانی تەقینەوەکان بە کاتێکی کەم لەگەڵ دوو خۆکوژەکەدا بینراوە و گومان دەکرێت ئەندامێکی رێکخراوی داعش بێت.

هەر لە چوارچێوەی کاردانەوەکانی پۆلیس لە دوای تەقینەوەکانی برۆکسل، پۆلیسی بەلجیکا رایگەیاند لە شوقەیەکی گەڕەکی سکاربیک لە باکووری برۆکسل بۆمبێکی دۆزییەوە لەگەڵ ئاڵایەکی داعش و بڕێک ماددەی کیمیایی کە بۆ دروستکردنی بۆمب بەکاردێ.

ئا: ئا ، ف