پۆلیسی بەلجیکا بەدوای ئەم گومانلێکراوەدا دەگەڕێ

K24-هەولێر
دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی بەلجیکا رایگەیاند پۆلیسی بەلجیکا بەدوای کەسێک بە ناوی نەجیم ئەلشەعراوی دەگەڕێ کە گومان دەکرێت هاوکاریی هەردوو ئەنجامدەری تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی برۆکسلی کردبێ.
دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی بەلجیکا لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنییەوە راشیگەیاند: "نەجیم ئەلشەعراوی ئێستا هەڵاتووە" و تەمەنی 25 ساڵە و پۆلیسی بەلجیکا دی ئێن ئەی لە چەند ماڵێک دۆزیوەتەوە کە ئەنجامدەرانی هێرشکەرەکانی پاریس بەکاریان هێناون.
سەرچاوە ئەمنییەکانی بەلجیکا دەشڵێن: ئەلعەشراوی لە مانگی نۆی ساڵی رابردوو لەگەڵ سەڵاح عەبدولسەلام گومانلێکراوی سەرەکیی لە هێرشەکانی پاریس گەشتی بۆ هەنگاریا ئەنجامداوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کامیرەکانی چاودێریی لە فڕۆکەخانەی برۆکسل وێنەی سێ کەسیان تۆمار کردووە کە بەپێی لێکۆڵەران دووانیان ئەنجامدەرانی تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی برۆکسلن و ئەوەی دیکەیان نەجیم ئەلشەعراوییە کە هەڵاتووە.
پۆلیسی بەلجیکا ئێستا هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ راودوونانی ئەلشەعراوی کە گومانیان هەیە پاشگەزبووەتەوە لە خۆتەقاندنەوە و هەڵاتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ، دوو تەقینەوەی خۆکۆژیی فڕۆکەخانە شاری برکۆسل پایتەختی بەلجیکا کردە ئامانج و دواتر تەقینەوەیەکی دیکە هێڵی میترۆی لە شارەکە کردە ئامانج و بوونە هۆی کوژرانی 34 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 200 دیکە، هاوکات رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان راگەیاند.
ئەم رووداوانە دوای چوار رۆژ لە دەستگیرکردنی سەڵاح عەبدولسەلام لە بەلجیکا روویان دا کە گومان دەکرێت یەکێک بێ لە رێکخەرانی هێرشەکانی پاریس لە مانگی یازدەی ساڵی 2015.
ئا: ئا ، ف