گومانلێکراوی سێیەم لە تەقینەوەکانی برۆکسل دەستگیر نەکراوە

"ئەوەی دەستگیرکراوە گومانلێکراوەکە نییە"

K24-هەولێر

دوای ئەوەی چەند دەزگایەکی بەلجیکا، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایانگەیاند نەجم ئەلشەعراوی گومانلێکراوی سێیەم لە ئەنجامدانی تەقینەوەکانی برۆکسل دەستگیر کراوە، لەم هەواڵە پاشگەز بوونەوە و رایانگەیاند دەستگیرکراوەکە ئەلشەعراوی نییە.

پێشتر رۆژنامەی لالیبرەی بەلجیکا و چەند دەزگایەکی دیکەی راگەیاند لەو وڵاتە رایانگەیاند: "پۆلیسی بەلجیکا لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ نەجم ئەلشەعراوی لە شاری ئەندەرلیخت دەستگیر کرد"، بەڵام دەزگاکانی راگەیاندن لە بەلجیکا هەواڵەکەیان رەتکردەوە و ئاشکرایان کرد کەسە دەستگیرکراوەکە نەجم ئەلشەعراوی نییە.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتریش دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی بەلجیکا رایگەیاند پۆلیسی بەلجیکا بەدوای کەسێک بە ناوی نەجم ئەلشەعراوی دەگەڕێ کە گومان دەکرێت هاوکاریی هەردوو ئەنجامدەری تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی برۆکسلی کردبێ.

دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی بەلجیکا لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنییەوە راشیگەیاند: "نەجم ئەلشەعراوی تەمەنی 25 ساڵە و پۆلیسی بەلجیکا دی ئێن ئەی لە چەند ماڵێک دۆزیوەتەوە کە ئەنجامدەرانی هێرشکەرەکانی پاریس بەکاریان هێناون.

سەرچاوە ئەمنییەکانی بەلجیکا دەشڵێن: ئەلعەشراوی لە مانگی نۆی ساڵی رابردوو لەگەڵ سەڵاح عەبدولسەلام گومانلێکراوی سەرەکیی لە هێرشەکانی پاریس گەشتی بۆ هەنگاریا ئەنجامداوە.

هاوکات کامیرەکانی چاودێریی لە فڕۆکەخانەی برۆکسل وێنەی سێ کەسیان تۆمار کردووە کە بەپێی لێکۆڵەران دووانیان ئەنجامدەرانی تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی برۆکسلن و ئەوەی دیکەیان نەجیم ئەلشەعراوییە.

دوێنێ دوو تەقینەوەی خۆکۆژیی فڕۆکەخانە شاری برکۆسل پایتەختی بەلجیکا کردە ئامانج و دواتر تەقینەوەیەکی دیکە هێڵی میترۆی لە شارەکە کردە ئامانج و بوونە هۆی کوژرانی 34 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 200 دیکە، هاوکات رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان راگەیاند.

ئەم رووداوانە دوای چوار رۆژ لە دەستگیرکردنی سەڵاح عەبدولسەلام لە بەلجیکا روویان دا کە گومان دەکرێت یەکێک بێ لە رێکخەرانی هێرشەکانی پاریس لە مانگی یازدەی ساڵی 2015.

ئا: ئا ، ف