بەلجیکا گوتەکانی ئەردۆغان لەبارەی خۆکوژەکەوە راست نین

ئەردۆغان: پێشتر بەلجیکامان ئاگادار کردەوە، بەڵام گوێیان لێنەگرتین

K24-هەولێر

وەزیری دادی بەلجیکا، کۆن گینز رایگەیاند گوتەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی ئەوەی گوایە یەکێک لە سێ خۆکوژەکان کە هێرشەکانی برۆکسلیان ئەنجامدا پێشتر لە مانگی شەشی ساڵی رابردوو لە باشووری تورکیا دەستگیر کرابوو و دواتر لە لایەن بەلجیکاوە ئازاد کراوە راست نین.

وەزیری دادی بەلجیکا بە رادۆیی بەلجیکا (فی ئار تی)ی راشگەیاند: "ئەو کەسە بە تەواوی بۆ بەلجیکا دوور نەخرایەوە، بگرە پرسەکە زیاتر دەرکردنی ئەو کەسە بوو لە سوونری سووریاوە لە لایەن تورکیاوە، بەڵام ئەوکات ئەو لای ئێمە بە تیرۆریست ناسراو نەبوو، بگرە تاوانبارێک بوو لە دژی مافی گشتیی و بە مەرج ئازاد کرابوو و ئەو بۆ هۆڵەندا دەرکرابوو نەک بەلجیکا".

ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆک کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، دوێنێ، لە ئەنقەرە رایگەیاند: "یەکێک لەو کەسانەی کە هێرشەکانی برۆکسلیان ئەنجامدا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2015 لە شاری گازی ئەنتاب لە تورکیا دەستگیر کرا و دواتر لە 14 مانگی تەمموزی ساڵی 2015 دوورخرایەوە و دوای گەیشتنی زانیاریی لە باڵوێزخانەی بەلجیکاوە پێمانیان گوت کە ئازاد کراوە".

هاوکات بەرپرسێکی باڵای تورکیا ئاماژەی کرد کە: "ئەردۆغان باسی ئیبراهیم بەکراوی کرد کە دەسەڵاتدارانی بەلجیکا دڵنیاییان دا کە یەکێکە لە ئەو دوو خۆکوژەی کە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی برۆکسلیان ئەنجامداوە".

ئەردۆغان گوتیشی: "هەرچەندە پێمان گوتن کە ئەم کەسە چەکدارێکی تیرۆریستیی بیانییە، دەسەڵاتدارانی بەلجیکا نەیانتوانیی بیسەلمێنن کە ئەو لە تیرۆر تێوەگڵاوە و هۆڵەندا پەیوەندیدار بوو بەم پرسە، چونکە ئەو کەسە یەکەم جار داوای کرد بۆ هۆڵەندای بگەڕێنینەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە کامیرەکانی چاودێریی لە فڕۆکەخانەی برۆکسل وێنەی سێ کەسیان تۆمار کردووە کە بەپێی لێکۆڵەران دووانیان ئەنجامدەرانی تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی برۆکسلن و ئەوەی دیکەیان نەجم ئەلشەعراوییە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو دوو تەقینەوەی خۆکۆژیی فڕۆکەخانە شاری برکۆسل پایتەختی بەلجیکا کردە ئامانج و دواتر تەقینەوەیەکی دیکە هێڵی میترۆی لە شارەکە کردە ئامانج، هاوکات رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان راگەیاند.

ئەم رووداوانە دوای چوار رۆژ لە دەستگیرکردنی سەڵاح عەبدولسەلام لە بەلجیکا روویان دا کە گومان دەکرێت یەکێک بێ لە رێکخەرانی هێرشەکانی پاریس لە مانگی یازدەی ساڵی 2015.

ئا: ئا ، ف