ھەڕەشە لە كوردانی نیشتەجێی بەغدا دەكرێت

بە هۆی تێكچوون و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییە کانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەردەوام کورد هەڕەشەی لەسەرە و نامەی هەڕەشە ئامێزیان بۆ دەنێردرێت
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/9b3b86f3-f813-4579-a642-eca8a32c1efe/KurdLeBexdad-Bexdad.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

بە هۆی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نامەی هەڕەشە بۆ هاوڵاتیانی کورد دەنێردرێت، بۆ بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵییان لە بەغدا.

ھاووڵاتیەكی كوردی نیشتەجێی بەغدا دەڵێت: " لە دەستووری عێراقی ھیچ زەماناتێك  بۆ كورد نییە، بەغدا ھیچ مافێكی بۆ كورد دانەناوە بەتایبەت كوردانی فەیلی".

ھاووڵاتیەكی دیكە كورد گوتی: " ئێمەی كورد  ھەمیشە لە ژێر دەست دابووین و ئازار و مەینەتمان كێشاوە".

كاسبكارێكی كورد لەمبارەوە دەڵێت: " تا ئێستا ھیچ ھەڕەشەیەك لە من نەكراوە، بەڵام چەندین كوردم بینیووە لێرە گوتویانە نامەی ھەڕەشەمان بۆ دەنێرن".

سەدان ساڵ لەمەوبەر، کوردەکان لە نزیک شێخ عەبدولقادر گەیلانی بەرامبەر بە ناوچەی شۆرجە و بازاڕی سەدریەی شاری بەغدا نیشتەجێ بوون، ئەو شوێنەش پێی دەگوترێت گەڕەکی کوردان، کە بەدرێژایی مێژوو تووشی ئازار و گرتن و زیندانی و راگواستن بوونەتەوە.

ئێستا بە هۆی تێكچوون و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییە کانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەردەوام کورد هەڕەشەی لەسەرە و نامەی هەڕەشە ئامێزیان بۆ دەنێردرێت و داوای جێهێشتنی بەغدایان لێدەكەن.