بەلجیکا: سێ خۆکوژ لە برۆکسل خۆیان تەقاندووەتەوە و چوارەم هەڵاتووە
K24-هەولێر
چەند سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە بەلجیکا رایانگەیاند ئەو خۆکوژانەی کە رۆژی سێشەممەی رابردوو لە برۆکسل خۆیان تەقاندەوە ژمارەیان سێ خۆکوژە و چوارەم خۆکوژیش هەڵاتووە و ئێستا هێزە ئەمنییەکان بەدوایدا دەگەڕێن.
رۆژی سێشەممەی رابردوو سێ تەقینەوە فڕۆکەخانە و هێڵی میترۆی شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکایان کردە ئامانج و بەپێی وەزیری تەندروستیی بەلجیکا بوونە هۆی کوژرانی 31 کەس و برینداربوونی نزیکەی 300 دیکە کە دەیانیان لە دۆخێکی نالەباردان.
بەپێی داواکاری گشتیی بەلجیکا، فریدریک ڤان لۆی خۆکوژەکان بریتین لە دوو برا بە ناوەکانی ئیبراهیم ئەلبەکراوی و خالید بەکراوی کە دوو هاوڵاتیی بەلجیکین بەرەچەڵەک عەرەب و لە فڕۆکەخانە و ویستگەی میترۆی برۆکسل خۆیان تەقاندووەتەوە لەپاڵ خۆکوژێکی دیکە بە ناوی نەجم ئەلعەشراوی کە تاوەکوو دوێنێ پۆلیسی بەلجیکا دەیگوت لەخۆ تەقاندنەوە پاشگەز بووەتەوە و هەڵاتووە.
بەڵام چەند سەرچاوەیەکی ئەمنیی بەلجیکا بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند کە: ئەلعەشراوی لە فڕۆکەخانەی برۆکسل خۆی تەقاندووەتەوە، بەڵام خۆکوژی چوارەم کە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە هەڵاتووە و پۆلیس بە دوایدا دەگەڕێ. لە کاتێکدا رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکانی برۆکسل راگەیاند.
ئەمە لە کاتێکدایە کامیرەکانی چاودێریی لە فڕۆکەخانەی برۆکسل وێنەی سێ کەسیان تۆمار کردووە کە لێکۆڵەران تاوەکوو دوێنێ دەیانگوت دووانیان ئەنجامدەرانی تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی برۆکسلن و ئەوەی دیکەیان نەجم ئەلعەشراوییە.
بەڵام دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی بەلجیکا کە بە زمانی فەرەنسیی پەخش دەکات رایگەیاند: "لێکۆڵەرە فەرەنسییەکان پێیانوایە خۆکوژێکی دیکە لە تەقینەوەکانی ویستگەی میترۆی برۆکسل تێوەگڵاوە و لە وێنەی کامیرەکاندا لەپاڵ دوو برا خۆکوژەکە دەردەکەوێ و تا ئێستا نازانرێ کوژراوە یان هەڵاتووە".
ئەم تەقینەوانە دوای چوار رۆژ لە دەستگیرکردنی سەڵاح عەبدولسەلام لە بەلجیکا روویان دا کە گومان دەکرێت یەکێک بێ لە رێکخەرانی هێرشەکانی پاریس لە مانگی یازدەی ساڵی 2015.
ئا: ئا ، ف