ئه‌مڕۆش له میحوه‌ری مه‌خموور شه‌ڕ له نێوان سوپای عێراق و داعش روویدا
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌فسه‌رێكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له میحوه‌ری مه‌خموور رایگه‌یاند ئه‌مڕۆ سوپای عێراق چووه‌ته ناو گوندی خه‌ڕبه‌ردان له میحوه‌ری مه‌خموور و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش به‌رده‌وامه.
عه‌قید نازم هه‌ركی له میحوه‌ری مه‌خموور به ماڵپه‌ڕی كوردستان24 گوت: "ئه‌مڕۆ سوپای عێراق چووه‌ته ناو گوندی خه‌ڕبه‌ردان له میحوه‌ری مه‌خموور و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش له‌و گونده به‌رده‌وامه".
به مه‌به‌ستی رزگاركردنی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری ناحیه‌ی گه‌یاره له باشووری مووسڵ له بنده‌ستی داعش، دوێنێ سوپای عێراق هێرشێكی فراوانی له میحوه‌ری مه‌خموور ئه‌نجامدا.
میدیا عێراقییه‌كان له فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وایان گواسته‌وه و گوتی له هێرشه‌كه‌ی دوێنێی سوپای عێراق "هه‌شت گوند له میحوه‌ری مه‌خموور له بنده‌ستی داعش رزگاركران".