رۆژنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بی: كوردستان 24 سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه بۆ میدیای جیهانی
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بی ده‌ڵێ كه‌ناڵی كوردستان 24 توانیویه‌تی له ماوه‌یه‌كی كورتی ته‌مه‌نیدا ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی هه‌واڵ بۆ میدیای عه‌ره‌بی وجیهانی .
رۆژنامه‌ی المستقبل كه رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه‌ی لوبنانییه و به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له وڵاتانی عه‌ره‌بی دابه‌ش ده‌كرێ ، راپۆرتێكی له باره‌ی كه‌ناڵی كوردستان 24 بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه، كوردستان 24 له ماوه‌یه‌كی كه‌متر له چوار مانگی ده‌ستكردنی به په‌خش ، بووه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی هه‌واڵ بۆ میدیای عه‌ره‌بی وجیهانی .
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه " جێی سه‌رسوڕمانه كه ته‌له‌ڤزیۆنێك به‌و ته‌مه‌نه كورته‌وه ببێته ژێده‌ری هه‌واڵ بۆ چه‌ندین ئاژانسی جیهانی له‌وانه رۆیته‌رز ، ئه‌مه‌ش پێشكه‌وتنێكی گرنگه له میدیای كوردیدا، چونكه پیًشتر راگه‌یاندنی كوردی ته‌نانه‌ت بۆ هه‌واڵه نێوخۆییه‌كانی كوردستانیش پشتی به میدیای عه‌ره‌بی ونێوده‌وله‌تی ده‌به‌ست".
رۆژنامه‌كه نموونه به چه‌ند ئاژانس وده‌زگایه‌كی راگه‌یاندنی جیهانی دێنێته‌وه كه هه‌واڵیان له كوردستان 24 وه‌رگرتووه له‌وانه رۆیته‌رز ، ئه‌سۆشێتدپرێس ، ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی ,CNN, BBC, CBS, CNBC, Fox News هه‌روه‌ها چه‌ندین رۆژنامه‌ی جیهانیش هه‌واڵه‌كانییان له كوردستان 24 وه‌رگرتووه ، له‌وانه نیویۆرك تایمز، واشنتن پۆست ، واشنتن تایمز ، ده‌یلی مه‌یل ، تایمز و سه‌ن .
رۆژنامه‌كه له زاری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كوردستان 24 نووره‌دین وه‌یسی ده‌ڵێ " به‌ڵێ ئێمه چه‌ند جارێك بووینه‌ته سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می هه‌واڵ بۆ میدیاكانی جیهان ، بۆ نموونه له‌كاتی ئازادكردنی شاری شنگال له ده‌ستی هێزه‌كانی داعش كه ئێمه یه‌كه‌م كه‌ناڵ بووین چووینه ناو قه‌زاكه و راسته‌وخۆ سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه‌مان گواسته‌وه ، هه‌روه‌ها ئێمه تاكه كه‌ناڵ بووین كه چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ مارلین نیڤارله‌ینن ئه‌و كچه سوێدییه كرد كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه له ده‌ستی داعش رزگاركرا ، سێیه‌م جاریش ئێمه تاكه كه‌ناڵ بووین چاوپێكه‌وتنمان له گه‌ڵ محه‌مه‌د جه‌مال خوێس كرد ئه‌و داعشه به ره‌گه‌ز ئه‌مه‌ریكییه‌ی خۆی راده‌ستی هێزی پێششمه‌رگه كرد كه ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك سه‌ردێری هه‌واڵی ئاژانسه جیهانییه‌كان وته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوو".
له كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا، رۆژنامه‌ی المستقبل نووسیویه‌تی " دامه‌زراوه‌ی كوردستان 24 پرۆژه‌یه‌كی راگه‌یاندنی كوردییه كه به‌هاوكاری ته‌له‌ڤزیۆنی فرانس 24 ئه‌نجامدراوه و یه‌كێكه له گرنگترین كه‌ناڵه هه‌واڵییه‌كانی كوردستان و بینه‌رێكی زۆری له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان هه‌یه به‌تایبه‌تی باكوور و رۆژئاوای كوردستان.
بۆ بینینی بابه‌ته‌كه له ماڵپه‌ڕه عه‌ره‌بییه‌كه كرته لێره بكه