سەرۆكایەتی كوردستان: لە دژی تیرۆردا هەرێمی كوردستان و عێراق هاوكاری یەكدی دەبن

سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان تەقینەوەكەی بابل ئیدانە دەكات

K24 - ھەولێر:

سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە شەڕی دژی تیرۆردا هەرێمی كوردستان و عێراق هەماهەنگ و هاوكاری یەكترین و لە یەك سەنگەر دان.

لە راگەیاندراوێكدا سەرۆكاویەتی ھەرێمی كوردستان، تەقینەوەكەی پارێزگای بابلی ئیدانەكرد و رایگەیاند: "ئێوارەی رۆژی هەینی 25ـی 3ـی 2016 لە ئەنجامی كردەوەیەكی خۆكوژیی تیرۆریستان لە یەکێك لە یاریگاکانی تۆپی پێ لە گەڕەکی شوهەدا لە ناوچەی حسوەی سەر بە شارەدێی ئەسكەندەریەیە لە باکووری پارێزگای بابل ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیی بێگوناح شەهیدبوون و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون".

لەم راگەیاندراوەدا سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان ھاوتووە: "زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە ترسنۆك و دڕندانەی تیرۆریستان دەكەین و سەرەخۆشی و هاوسۆزیی خۆمان بۆ كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە ڕادەگەیێنین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارن دەخوازین".

سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: "لە شەڕی دژی تیرۆردا هەرێمی كوردستان و عێراق هەماهەنگ و هاوكاری یەكترین و لە یەك سەنگەر دان. كردەوەی تیرۆریستی و ڕەفتاری نامرۆڤانە و دڕندانە بە هیچ شێوەیەك دادی تیرۆریستانی دوژمنی خودا و مرۆڤایەتی نادات و دواجار تیرۆریستان شكست و رووڕەشیان بۆ دەمێنێتەوە".