سەڵاحەدین دەمیرتاش: نەمانی ڤیزە لە نێوان توركیا و وڵاتانی ئەوروپا زۆرینەی كوردان كۆچ دەكەن

توركیا داوای ئازادكردنی ڤیزە دەكات لە نێوان توركیا و وڵاتانی ئەوروپا

K24 – ھەولێر:

سەڵاحەدین دەمیرتاش دەڵێت، ئەگەر ڤیزا لەنێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپادا نەمێنێت، ئه‌وا كوردەكان بەرەو وڵاتانی ئه‌وروپا كۆچ دەكەن.

سەڵاحەدین دەمیررتاش، ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) بە ئاژانسی ھەواڵی ئەڵمانیای راگەیاندووە، ئەگەر ڤیزا لەنێوان توركیا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپادا نەمێنێت، ئەوا كوردەكان بەرەو ئەو وڵاتانە كۆچ دەكەن، بۆیە پێویستە یەكێتی ئەوڕوپا بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی فشار بخاتە سەر توركیا، بۆ ئەوەی لەگەڵ پەكەكە دەست بە گفتوگۆ بكاتەوە.

ھاوسەرۆكی ھەدەپە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەگەر شەڕ و پێكدادانەكان فراوانتر ببن، ئەوا كورد و تورك بێ جیاوازی بەرەو وڵاتانی ئەوروپا كۆچ دەكەن.

لە 18ی ئەم مانگە توركیا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا رێككەوتن بۆ دانانی سنورێك و رێگەگرتن لە لێشاوی پەناخوازان.

ئەو خاڵانەی توركیا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە سەری رێككەوتوون، یەكێك لە خاڵەكان توركیا داوای ئازادكردنی ڤیزە دەكات لە نێوان توركیا و وڵاتانی ئەوروپا.