رۆژھەڵاتی كوردستان: ئەو ھاووڵاتیانەی بەشداریان لە رێوڕسمی نەورۆز كردبوو دەستگیر دەكرێن

ئێستا دەزگا ئەمنییەكانی ئێران رێكخەر و چالاكانی ریوڕەسمی نەورۆز دەستگیر دەكات
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/2546690d-8177-412e-bf79-cdad575e8f67/zindanikrd%20nawroz.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

لە رۆژھەڵاتی كوردستان بەشێك لەو ھاووڵاتیانەی بەشداریان لە رێوەڕسمی نەورۆز كردبوو، دەستگیر كراون.

ھەواڵدەری كوردپا رایگەیاندووە: لەیەكەم شەپۆلی دەستبەسەركردنی ئاھەنگێڕانی نەورۆز تەنیا لە سنەو بۆكان 20 كەس لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئێران دەستبەسەركراون.

رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران پێشتر ئاشكرایكردبوو كە لەسێیەم رۆژی نەورۆز بەشێك لە بنەماڵەی شەھیدانی رۆژھەڵاتی كوردستان كە لەرێورەسمی نەورۆز لەسنە خەڵك وەكوو ھێمایەك رێزیان لێگرتبوون، دەستبەسەركراون، لەنێویاندا سارا میلانی، لادەن سۆھرابی و شەھلا وەكیلی خوشك و سێ برازای فەرھاد وەكیلی بەندكراوی سیاسی كە 5 ساڵ لەمەوبەر لەسێدارەدرا، لەنێو دەستبەسەركراواندان.

لەلایەكی دیكەوە ھەواڵدەری كوردپا رایگەیاندووە، كە رۆژێك دوای رێورەسمی نەورۆز  15كەس لە شاری بۆكان دەستبەسەركراون، و لەسەرجەم شارەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانیش گوشار بۆ بەرێوەبەرە خۆبەخشەكانی رێورەسمی نەورۆزی ئەمساڵ بەردەوامە، گوشارێك بەھۆی گڕوتینی یەكەم رۆژی نەورۆز حكومەت نەیھێنا، ئێستا دەزگا ئەمنییەكانی ئێران رێكخەر و چالاكانی ریوڕەسمی نەورۆز دەستگیر دەكات و ئەو رێورەسمە گەورە و نەتەوەییە لەرۆژھەڵات زیندانی دەكات.