باشیك...پێشمەرگە شكستی بە ھێرشی داعش ھێنا

"بە شەو خۆیان لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە نزیك كردبوو"

K24 - ھەولێر:

ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە میحوەری باشیك ھێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، فەرماندەی فەرماندەیی ھەڵگوردی ھێزی پێشمەرگە رایگەیاند، پێشمەرگە شكستی بە ھێرشەكەی داعش ھێنا و چەند چەكدارێكی داعش كوژران.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) موسا گەردی، فەرماندەی فەرماندەیی ھەڵگوردی ھێزی پێشمەرگە رایگەیاند: "پێش نیوەڕۆی داعش لە میحوەری باشیك ھێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەكان لێیان ھاتنە دەست و شكستیان بە ھێرشی داعش ھێنا".

لە بارەی زیانی گیانی لەو ھێرەشەدا موسا گەردی، گوتی: "ئەوەی بینیمان لە كاتی ھەڵاتنیاندا چەكدارانی داعشی دوو تەرمیان پێ ھەڵگرتبوو، بەڵام خۆشبەختانە پێشمەرگەكان ھیچ زیانی گیانیان بەرنەكەوتووە".

فەرماندەی فەرماندەیی ھەڵگورد، ئەوەشی خستەڕوو: "چەكدارانی داعش لە شەوی رابردووەوە بە سێ ئۆتۆمبێل خۆیان لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە نزیك كردبوو بۆ ئەوەی لە رۆژدا لە ھیرشەكەیان سەركەوتووبن، بەڵام لە یەكەم تەقەدا پێشمەرگە رێگەی پێنەدا لە سەنگەرەكان نزیك ببنەوە و شكستی بە ھێرشەكەیان ھێنا".