بە وێنە کچەکەی خۆی مارە دەکات

پێشتر بەڵینی بە کچەکەی دابوو

K24-هەولێر

باوکێک لە بریتانیا کچە ساواکەی خۆی مارە کرد، چونکە وەک خۆی دەڵێ کچەکەی تەنیا دوو رۆژی ماوە لە ژیاندا و پێشبینیی دەکرێ بمرێ، بۆیە "ویستم بەڵێنەکەم ببمە سەر و ئاهەنگی هاوسەرگیریی بۆ کچەکەم رێکبخەم".

ئاندی برنارد باوکی کچە ساواکە کە تەمەنی تەنیا 16 مانگە و ناوی بۆبی مای یە و بەهۆی سەرهەڵدانی گرێیەکی شێرپەنجە لە مێشکیدا پزیشکان دەڵێن تەنیا دوو رۆژی ماوە لە ژیاندا، دەڵێ: لە کاتی لەدایکبوونی وەک زۆر لە باوکان خەونم بەوەوە دەبینی چۆن کچەکەم بەشوو بدەم و ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی چۆن دەبێ و چۆن دەستی دەگرم و لەگەڵیدا دەرۆم بۆ ئەوەی رادەستی هاوسەرەکەی بکەم.

برنارد دەشڵێ: بڕیارمدا خەونەکەم بەدیبێنم پێش مردنی کچەکەم و ئاهەنگی هاوسەرگریی بۆ ساز بکەم.

لە ئاهەنگەکەدا کە هاورێیانی باوکی کچەکە و کەسانی نزیکی خێزانەکەی ئامادەی بوون سامی برنارد دایکی کچە ساواکە کچەکەی لە ئامێز گرتبوو لەو کاتەی کچە جلێکی سپی پۆشیبوو بە یاوەری هەردوو براکەی رێڵی و جۆنسۆن جای هاوشێوەی هەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی راستەقینە.

لە ئاهەنگەکەدا برنارد باوکی کچە ساواکە گوتی: "دڵمان شکاوە.. وێستم بەڵێنەکەم بەجێ بگەیەنم چونکە لە کاتی لەدایکبوونیدا بەڵێنم دا ئاهەنگی هاوسەرگیریی جیاوازی بۆ ساز بکەم.. پێشبینیم نەدەکرد رۆژی ئاهەنگەکەی رۆژی ماڵئاواییکردنیشی بێ".

سەرچاوە: دەیڵی مەیڵ، ئا: ئا ، ف