خەڵکی ئەم وڵاتە دەستبەرداری هاوسەرگیریی بوونە

"67% منداڵانی ئەم وڵاتە دایک و باوکیان هاوسەرگیرییان نەکردووە"

K24-هەولێر

ئایا دەزانی کە نزیکەی 67% منداڵانی وڵاتی ئایسلاند (iceland) دایک و باوکیان هاوسەرگیرییان نەکردووە، بۆیە ئەم وڵاتە لە پلەی یەکەمی ریزبەندی ئەو وڵاتانەدایە لە جیهان کە زۆرترین دایک لەخۆدەگرێت کە هاوسەرگیرییان نەکردووە.

هەرچەندە ئەم دیاردەیەیە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان جێی شەرمەزارییە، بەڵام لە وڵاتی ئایسلاند جێی شانازیی و شکۆدارییە.

ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی ئایسلاند کە لە دوورگەیەک پێکهاتووە لە زەریای ئەتڵەسیی لە نێوان کیشوەری ئەوروپا و کیشوەری ئەمریکای باکوور و زۆر ساردە ژمارەیان نزیکەی 320 هەزار کەسە، بەڵام سەرەرای ئەمەش گەلی ئەم وڵاتە تێروانینیان بۆ هاوسەرگریی زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوەی کە لە زۆربەی زۆری جیهاندا پەیڕەو دەکرێ.

بریندیس ئیسمۆندۆتیر، ئافرەتێکی ئایسلاندییە و دایکی سێ منداڵە لە دوو پیاو کە هیچکات هاوسەرگیریی لەگەڵ نەکردوون. دەڵێ: "دابەشبوونی خێزان بە راستیی دەستەواژەیەکی نامۆیە، بەو واتایەیە لە کاتی جیابوونەوەی دوو هاوسەر شتێک دەشکێ یاخود پەرت دەبێ، بەڵام ئەمە لە ئایلاند هیچکات روونادات، چونکە ئێمە لە ژینگەیەکی بچووک و سەقامگیر دەژین، ئافرەت لە ئایسلاند ئازادییەکی زۆری بەدەستهێناوە، بۆیە دەتوانێ بە ئارەزووی خۆی شێوازی ژیانی خۆی دیار بکات".

کۆمەڵگەی وڵاتی ئایسلاند بە یەکێک لەو کۆمەڵگانە هەژمار دەکرێت کە ئافرەتان تێیدا باڵا دەستن و ئایسلاند جیاواز لە زۆربەی جیهان زۆرترین درێژترین پشووی بە خێوکردنی منداڵان دەداتە دایکان و باوکان کە دەگاتە 9 مانگ بە 80% مووچەوە.

بریندیس ئیسمۆندۆتیر دەشڵێ: "ژمارەیەکی زۆر کەم لە ئایسلاندییەکان باوەریان بە ئایین هەیە، بۆیە دووگیانبوونی ئافرەتان بەبێ هاوسەرگیریی جێی "شەرمەزاریی و سەرشۆڕیی نییە".

سەرچاوە: CNN