ھەپەگە: ئاماری سەرۆكایەتی ئەركانی توركیا راست نییە

سەرۆكایەتی ئەركانی توركیا ئامارێك بڵاو دەكاتەوە

K24 - ھەولێر:

سەرۆكایەتی ئەرکانی تورکیا راگەیاند، بەھۆی ئۆپەراسیۆنی ھێزە ئەمنییەكانی وڵاتەكەی لە باكووری كوردستان 36 ئەندامی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) گیانیان لە دەستداوە، گوتەبێژی ھێزەكانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) رەتیدەكاتەوە و ئامارەكە بە ناڕاست دەزانێت.

لە ئامارێكدا كە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیان بڵاویانكردوەتەوە سەرۆكایەتی ئەركانی توركیا رایگەیاند: "لە باكووری كوردستان 36 ئەندامی پەكەكە كوژراوە، لە شاری شرناخ 13كەس و لە ناوچەی نسێبین 13كەسی دیكە و لە گەڤەڕێ 9 ی دیكە".

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) بەختیار دۆغان، گوتەبێژی ھێزەكانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) رایگەیاند: "ئەم ئامارەی سەرۆكایەتی ئەركانی توركیا راست نییە، ئەوان لە خۆیانەوە ئەو جۆرە شتانە بڵاو دەكەنەوە".

گوتیشی: "ئێمە ھەموو چالاكییەكانمان بڵاو دەكەینەوە و ناسنامەی شەھیدەكانمان رادەگەیەنین، بۆیە ئەو ئامارانەی سەرۆكایەتی ئەركانی توركیا ھیچی راستی تێدانییە".

سەبارەت بە ئاماری گشتی چالاكییەكانیان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "گەریلاكانمان لە دوو رۆژی رابردوودا لە سنووری شاری ئامەد 28 سەربازی توركیان كوشتووە، بەڵام تا ئێستا ئاماری گشتی ئەم وەرزەی چالاكییەكانمان لەبەر دەست نییە".

ئەوە لە كاتێكدایە كە شەڕ لە ناو چەندین شاری باكووری كوردستان لە نێوان ھێزە ئەمنییەكانی توركیا و ھێزەكانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) بەردەوامە و ماوەی دوو ھەفتەیە لە شرناخ و گەڤەر و نسێبین، چوونەدەرەوە قەداغەیە.