بە ڤیدیۆ.. کۆریای باکوور بە مووشەکی ئەتۆمی واشنتن بۆردومان دەکات
K24-هەولێر
کۆریای باکوور گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی (دوا موڵەت)، کە سیناریۆیە و تێیدا کۆریای باکوور بە رێگەی کەشتییەکی ژێر دەریا و بە مووشەکی ئەتۆمیی واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یکگرتووەکانی ئەمریکا بۆردومان دەکات.
کۆریای باکوور هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە کە سیناریۆیەکی دروستکراوە، بە "گورزێکی سەربازیی و بێ بەزەیی" هەڕەشە لە کۆریای باشوور دەکات بەهۆی ئەوەی سوکایەتیی بە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور کردووە.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کۆریای باکوور مووشەکێکی ئەتۆمیی ئاراستەی واشنتن دەکات و خاپووری دەکات و دواتر بە سووتانی ئاڵای ئەمریکا کۆتایی دێت.
ئەمە لە کاتێکدایە پەیوەندیی نێوان کۆریای باکوور و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور و هەڕەشەی بەردەوامی ئەم وڵاتە بۆ سەر ئەمریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن زۆر خراپە.
لە بەرمابەردا ئەمریکا چەندی سزای ئابووریی و سەربازیی بەسەر کۆریای باکووردا سەپاندووە و بەردەوام هەڕەشەی گرتنەبەری هەڵوێستی توندی لێدەکات لە بەرامبەر هەر هەنگاوێک کۆریای باکوور لە دژی واشنتن بینێ.
ئا: ئا ، ف