پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەبرێتە گۆنگرێسی ئەمەریکا

باسی رۆڵی پێشمەرگە كراوە

K24 - ھەولێر:

سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران رایگەیاند، لە چالاكییەكی ھاوبەشیاندا لەگەڵ زانكۆی ناوەڕاستی فلۆریدا، لە دیدارێكدا لە گۆنگرێسی ئەمریكا گفتوگۆیان لەبارەی پرسی سەربەخۆیی كوردستان و پێشمەرگە و شەڕی داعش كردووە.

ماڵپەڕ فەرمی سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران بڵاوی كردەوە: "بۆ یەکەم جار لە مێژووی زانکۆ لە کوردستاندا، زانکۆی سۆران پرسە گرنگەکانی ئێستای کوردستان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا تاوتوێ دەکات و سەرنجی خەڵکانی باڵادەست و خاوەن بڕیار بۆ خەباتی پێشمەرگە و سەربەخۆیی کوردستان ڕادەکێشێت. لە میانی چالاکییە ھاوبەشەکانی زانکۆی سۆران و زانکۆی ناوەڕاستی فلۆریدا(The University of Central Florida) دوو دیداری ئەکادیمی و ڕامیاری لە ڕۆژانی ٢٢\٣ و ٢٣\٣ لە پایتەختی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەڕێوەچوون".

زانكۆی سۆران رونیكردەوە: "لە دیداری یەکەمدا، کە پەیوەست بوو بە داھاتووی عێڕاق و پێگەی کەمە نەتەوایەتی و ئاینییەکانی کوردستان و سەربەخۆیی کوردستان، ھەریەک لە د. کەماڵ ئۆدیشۆ (ڕاگری سەنتەری توژینەوەی زانستی زانکۆی سۆران) و بەیان سامی عەبدولڕەحمان (نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا) و د. گونەش تەشگور (کوردناس و مامۆستا لە زانکۆی ناوەڕاستی فلۆریدا) وتاریان پێشکەش کرد. شایانی گووتنە، ئەم پانێڵە لە ڕێستوڕانتی بەناوبانگی (Old Abbitt Grill) بەڕێوەچوو، کە یەکێکە لەو شوێنە ناودارانەی ئەمەریکا کە چەندین دیدار و چاوپێکەوتن لە نێوان سەرۆک و ئابووریناس و سیاسەتمەدارانی جیھانی تێدا بەستراوە و چەندین بڕیاری گرنگی ستراتیژیش ھەر لەو شوێنە گفتوگۆیان لەسەر کراوە".

ئاشكرای كرد: "لە دیداری دووەمدا، کە لە گۆنگرێسی ئەمریکا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووس و پسپۆڕانی ستراتیژی و ڕامیاری بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر خەباتی پێشمەرگە دژ بە تاریکپەرستانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و ڕۆڵی سەرکردایەتی کورد لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان و پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ بڕیاری سەربەخۆیی. پانڵیستەکانی ئەم دیدارە بریتیبوون لە بەڕێزان: د. نەھرۆ زاگرۆس (یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران بۆ کاروباری زانستی) و د. کەمال ئۆدیشۆ (ڕاگری سەنتەری توژینەوەی زانستی زانکۆی سۆران) و د. ستیڤن کووک (ڕاوێژکار و توژەر لە کانسڵی پەیوەندی نێودەوڵەتی لە واشنگتن) و د. گونەش تەشگور (کوردناس و مامۆستا لە زانکۆی ناوەڕاستی فلۆریدا). ئەم دیدارە لە باڵاخانەی ڕەیبێرن ھاوس(Rayburn House) لە کۆنگرێسی ئەمەریکا سازکرا".

سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران راشیگەیاند: "نوێنەرانی زانکۆی سۆران چاویان بە کۆنگرێسمان ئاندی باڕ (Andy Barr)‌کەوت لە ئۆفیسی تایبەتی خۆی لە باڵاخانەی کۆنگرس. ئەم دیدارە لەسەر داوەتی کۆنگرێسمانەکە خۆیی بوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕەوشی ئێستای کوردستان و پرسی ڕێفراندۆم و ڕەوشی پێشمەرگەی کوردستان. شایانی گووتنە، کۆنگرێسمان ئاندی باڕ نوێنەری ویلایەتی کێنتاکی(Kentucky)یە و چەند مانگێک بەر لە ئێستا سەردانی کوردستانی کردبوو و پشتگیری تەواوی خۆشی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و پڕچەککردنی ڕاستەوخۆی پێشمەرگە لە لایەن (وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا)وە دووپات کردبووەوە. ھەر لە دیدارەکەدا، کۆنگرێسمان ھیوای خواست کە زانکۆی سۆران بەردەوام بێت لە پەیوەندی لەگەڵ ئۆفیسەکەی بەڕێزیان بۆ ئاڵوگۆرکردنی زانیاری لەسەر ڕەوشی کوردستان. ھەروەھا لە ڕێگای نوێنەرانی زانکۆەوە، سڵاو ڕێزی خۆی بۆ گەلی کوردستان نارد و ھیوای خواست لە زووترین کاتدا کورد ببێت بە خاوەن وڵاتێکی سەربەخۆ".

پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەبرێتە گۆنگرێسی ئەمەریکا
پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەبرێتە گۆنگرێسی ئەمەریکا
پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەبرێتە گۆنگرێسی ئەمەریکا