سیناتۆرێکی ئەمریکا: ئەگەر هەیە "داعش" هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ناووکییەکان

"رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆچبەران هۆکارن"

K24-هەولێر

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئەنجوومەنی پیرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رۆن جۆنسۆن رایگەیاند ئەگەر هەیە "داعش" هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ناووکییەکان لە ئەمریکا و ئەوروپا.

رۆن جۆنسۆن کە سیناتۆرێکی کۆمارییەکانە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێن-ی ئەمریکا راشیگەیاند: "هەڕەشەی تیرۆر ئێستا لە ئەوروپا گەورەترە بەراورد لەگەڵ ئەمریکا، بەهۆی نزیکیی (ئەوروپا) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاتنی کۆچبەرانەوە".

رۆن جۆنسۆن هاوکات هۆشداریی دا لە: ئەگەری ئەوەی داعش هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ناووکییەکان لە ئەمریکا و ئەوروپا و گوتی: "بەشێک لەو تیرۆریستانەی کە هێرشەکانیان لە ئەوروپا ئەنجامدا بە نێو کۆچبەرانەوە چوونەتە ئەوێ، لە کاتێکدا ئەوروپا هەوڵی ئاشکراکردنی شانە تیرۆریستییەکان و پلانەکانیان دەدات".

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا گوتیشی: "بە داخەوە ئەمە ئەوەیە کە تیرۆریستان دەیانەوێ بڵاوی بکەنەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە برۆکسلی دەبینین، جۆرێکە لە تێکچوونی نێوخۆیی".

رۆن جۆنسۆن هەروەها لەبارەی هەواڵی کوژرانی پاسەوانێکی ئەمنیی دامەزراوەیەکی ناووکیی لە برۆکسل و دزینی کارتی ناسینی و دواتر دۆزینەوەی وێنەی بەرپرسێکی باڵای کەرتی ناووکیی بەلجیکا لە ماڵی یەکێک لە تۆمەتبارەکان بە تێوەگڵان لە هێرشەکان لە پاریس، گوتی: "هەست بە دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکەم بەهۆی ئەگەری ئەوەی رێکخراوی (داعش) هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ناووکییەکان".

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ئاماژەشی کرد کە: "نەک تەنیا لە ئەوروپا، بڕواننە ئەو هێرشەی کە کرایە سەر ویستگەی بەرهەمهێنانی وزە لە کالیفۆرنیا کە هێشتا نازانین چۆن ئەنجامدراوە، ئەمە زنجیرەیەک لە رووداوی جێی دڵەڕاوکێن و ژێرخانی ئەلیکترۆنیمان رووبەڕووی هێرش دەبنەوە و ئەگەر هەیە هێرشی تیرۆریستیش بێ، ئێمە بەراست و وەک پێویست ناروانینە ئەم هەڕەشەیە، ئەمە پرسێکە جێی دڵەڕاوکێیە".

ئا: ئا ، ف