لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان راگەیەندراوێك بڵاودەكەنەوە

K24 - ھەولێر:

لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان راگەیەندراوێك بڵاوكردەوە و رایانگەیاند، تەنیا سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆی هەیە کاندیدەکان بۆ پۆستەکان لە بەغدا دیاربکات.

ئەمڕۆ ھەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی لە بارەی گۆڕانكارییەكانی حكوومەتی داھاتووی عێراق لە سلێمانی كۆبوونەوە و دوای كۆبوونەوەكەش راگەیاندراوێكیان راگەیاند، لە بەشێكی راگەیاندراوەكەدا ھاتووە" تەنیا سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆی هەیە کاندیدەکان بۆ پۆستەکان لە بەغدا دیاربکات".

لەم راگەیاندراوەدا ئاماژەش بۆ ئەوەكراوە: "دانووستاندنی فەرمی، بەپێی پڕۆژەیەکی پەسەنکراوی لایەنە سیاسیەکان لە نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر تەواوی جومگەکان دەستپێبکاتەوە".

لایەنە سیاسییەكان ئەوەشیان خستووەتەڕوو: "هەر قەرزێک لە لایەن بانکە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتە دۆستەكان بدرێتە عێراق، پێویستە پشکی 17% بدرێت بە هەرێمی کوردستان".

ھەر لەم راگەیاندراوەدا لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان دەڵێن: "داوا لە لایەنەکانی حکوومەتی عێراق دەکەین، لە پەرلەمان کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە حوکمی تاک لایەنە و بڕیاری سەرپێی بێنن".

 

دەقی راگەیاندراوەكە

خه‌ڵكی عێراقی دڵسۆز!

گه‌لی ئازادیخوازی كوردستان!

عێراق به‌دۆخێكی ترسناكدا تێده‌په‌ڕێ؛ جێبه‌جێ نه‌كردنی ده‌ستور؛ شه‌ڕی داعش؛ لێكترازانی هێزه‌ سیاسیه‌كان؛ قه‌یرانی ئابوری؛ شكستی كابینه‌ی عه‌بادی؛ ملیۆنه‌ها ئاواره‌؛ كۆچی ناچاری به‌ره‌و هه‌نده‌ران؛ پێكنه‌هێنانه‌وه‌ی سوپای نیشتمانی؛ نه‌بونی دیسپلینی ناو لایه‌نه‌ چه‌كداره‌كان؛ قوڵبونی گیانی تایفه‌گه‌ری؛ ناكۆكی قوڵی هه‌رێم‌و به‌غداد.. له‌هه‌موشی ناله‌بارتر، نه‌بونی ئیراده‌و پرۆژه‌ی سیاسی، ئابوری، ئیداری‌و پابه‌ندبون به‌ ده‌ستور.. تاد.

ته‌واوی ئه‌و قه‌یران‌و ته‌نگژه‌ ترسناكانه‌، ده‌ویسترێ به‌ پاساوی پێكه‌وه‌نانی حكومه‌تی ته‌كنۆكرات‌و فه‌رامۆشكردنی گه‌لی كوردستان‌و توركمان‌و پێكهاته‌كانی تری عێراق‌و كوردستان‌و هێزه‌ سیاسیه‌ كاریگه‌ره‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق‌و كوردستان، داپۆشن‌و ئه‌زمونی حكومه‌تی سازانی نیشتمانی، كۆتایی پێبهێنن. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌وا هه‌ر جۆره‌ فه‌رامۆشكردنی پێگه‌ی كوردو لایه‌نه‌كانی دیكه‌، مه‌ترسی له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی ده‌ستوری‌و سیاسی له‌عێراق‌و كوردستاندا هه‌یه‌.

ئێمه‌ هێزه‌ كوردستانیه‌كان، له‌په‌رۆشیمانه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌ی كێشه‌ی ده‌ستوری، ئابوری، سیاسی‌و حوكمڕانی، له‌ناویاندا، كێشه‌ی نه‌وت‌و گازو بودجه‌و موچه‌، رۆژی (28/3/2016) له‌سلێمانی كۆبوینه‌وه‌و دوای بیروڕا گۆڕینه‌وه‌، گه‌یشتینه‌ ئه‌م سه‌ره‌نجامانه‌ی خواره‌وه‌، كه‌ لامان مه‌به‌سته‌ بگاته‌ رای گشتی گه‌لانی عێراق‌و ته‌واوی وڵاتانی جیهان‌و ناوچه‌كه‌، كه‌ چاره‌نوسی عێراقی فیدراڵیان لا گرنگه‌.

یه‌كه‌م: چاره‌سه‌ری تێكڕای كێشه‌كانی عێراق‌و په‌یوه‌ندی به‌غدادو هه‌ولێر، به‌بێ دۆزینه‌وه‌ی رێوشوێنی راسته‌قینه‌ی سه‌رخستنی حكومه‌تی سازانی نیشتمانی‌و جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌ سیاسیه‌كان، مه‌حاڵه‌.

دووه‌م: سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان؛ به‌رپرسیاری راسته‌وخۆی پرۆسه‌ی سیاسییه‌ له‌چاره‌نوسی سیاسی كوردستان‌و په‌یوه‌ندی كوردستان‌و به‌غداده‌، بۆیه‌، هه‌موو جۆره‌ ده‌ستتێوه‌ردانێك بۆ دروستكردنی گیروگرفتی نابه‌جێ، له‌روی سیاسی، ئابوری، حوكمڕانی‌و چۆنیه‌تی دیاریكردنی كاندیده‌كانی كوردستان، بۆ تێكڕای پۆسته‌كان، به‌ دژی ده‌ستورو رێكه‌وتنه‌ سیاسیه‌كان‌و سازانی نیشتمانی وڵاته‌كه‌ ده‌زانین. بڕیاره‌ سیاسیه‌كانی كوردستانیش، له‌رێگه‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كانه‌وه‌ له‌په‌رله‌مانی عێراقدا، هه‌وڵی جێبه‌جێكردنیان ده‌درێ. بۆیه‌ پشتگیری خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی فراكسیۆنه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ رۆژی (17/3/2016) له‌سه‌ریان رێكه‌وتن.

سێهه‌م: داوا ده‌كه‌ین، به‌زوترین كات، لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق، كه‌ نوێنه‌ریان له‌ناو په‌رله‌مانی عێراقدا هه‌یه‌، بكه‌ونه‌ دیالۆگی به‌رپرسانه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان‌و كۆتاییهێنان به‌ حوكمی تاكلایه‌نه‌و بڕیاری سه‌رپێیی.

چواره‌م: دانوستاندنی ره‌سمیی، به‌پێی پرۆژه‌یه‌كی په‌سه‌ندكراوی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، له‌نێوان به‌غدادو هه‌ولێر، له‌سه‌ر ته‌واوی جومگه‌كان ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

پێنجه‌م: چۆن عێراق قه‌یرانی ئابوری هه‌یه‌، كوردستانیش قه‌یرانی دارایی هه‌یه‌، بۆیه‌، هه‌ر قه‌رزێك له‌بانقه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی، یان حكومه‌ته‌ دۆسته‌كانه‌وه‌، بدرێته‌ عێراق، ده‌بێ پشكی (17%)ی كوردستان، ده‌سته‌به‌ر بكرێ.

شه‌شه‌م: داكۆكی له‌ ئاشته‌وایی نیشتمانی‌و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئه‌و یاسا گرنگانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ بنه‌مای ئاشته‌وایی‌و ئاشتین له‌وڵاته‌كه‌دا.

له‌كۆتاییشدا، جه‌خت له‌سه‌ر یه‌كهه‌ڵوێستی ته‌واوی هێزه‌ كوردستانیه‌كان‌و فراكسیۆنه‌كان، له‌كوردستان‌و عێراق، له‌به‌غدادو له‌به‌رامبه‌ر كۆی ئه‌رك‌و كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ش ده‌كه‌ین.

 

- یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان -       پارتی دیموكراتی كوردستان

- یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان -  كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان/ عێراق

28/3/2016