به‌ر له یاریی كلاسیكۆ، جۆردی ئالبا تووشی پێكان بوو
K24 ـ هه‌ولێر
یاریزانێكی دیكه‌ی یانه‌ی بارسێلۆنا هاوشێوه‌ی ئینیێستا و سێرجیۆ بۆسكێتس چووه ریزی یاریزانه پێكراوه‌كان و گومان له به‌شداریكردنی ئه‌ویش له یاریی كلاسیكۆی ئیسپانیا ده‌كرێت.
به‌پێی هه‌واڵی ماڵپه‌ری سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا، جۆردی ئالبا له دوایین یاریی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی له به‌رانبه‌ر رۆمانیا كه یارییه‌كه به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، ئالبا تووشی پێكان بووه.
له لایه‌كی دیكه‌وه یانه‌ی بارسێلۆنا تا ئێستا هیچ زانیارییه‌كی فه‌رمی له باره‌ی بارودۆخی پێكانه‌كه‌ی ئالبا بڵاو نه‌كردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه پشتڕست كراوه‌ته‌وه تووشی پێكانی ئه‌ژنۆی بووه.
جۆردی ئالبای ته‌مه‌ن 27 ساڵان له 1997 له ئه‌كادیمیای یانه‌ی بارسێلۆناوه ده‌ستی به یاریكردن كردووه، له 2007 بانگهێشتی تیپی دووه‌می بارسا كراوه، دواتر به‌هۆی ئاستبه‌رزییه‌وه به‌ره‌و یانه‌ی ڤالێنسیا كۆچی كرد، له 2012ـیش ئیداره‌ی یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه جارێكی دیكه ئه‌و یاریزانه‌ی گه‌ڕانده‌وه و ئه‌م وه‌رزه‌یش به‌شداریی 32 یاریی یانه‌كه‌ی له‌سه‌رجه‌م خول و پاڵه‌وانییه‌تییه‌كان كردووه.