ئامانجی سهردانی رۆحانی بۆ پاكستان چی بووه؟
K24 – ههولێر-كامیل بۆكانی:
سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران حهسهن رۆحانی رۆژی هەینی بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە ئیسلام ئابادی پایتهختی پاكستان و لهگهڵ گهوره بهرپرسانی ئهو وڵاته كۆبوویهوه.
خالید رەحمان شڕۆڤەکاری سیاسیی پاكستانی گوتی: "لە ههندێك بواردا پاکستان پێویستی بە ئێرانە و لە ههندێك بواریشدا ئێران پێویستی بە پاکسان هەیە".
خالید رهحمان گوتیشی: "لە ئێستادا ئاستی بازرگانییەکانی نێوانیان زۆر لە خوارێیە، تەنیا شتێکە لە نێوان 250 تا 270 ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا، من پێم وایە دوو وڵات ئامانجیان ئەوەیە کار بکەن بۆ ئەوەی بیگەیەننە 5 ملیار دۆلار لە ساڵێكدا".
دیپلۆماتكارێکی پاکستانیش پێی وایە سەردانەکەی رۆحانی، جگە لە دەسکەوتی ئابووری بۆ دوو وڵات، دەبێتە هۆی ئاشتیی زیاتر لە ناوچەکە و کەم بوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە لە رێگای ناوبژیوانیی پاکستانەوە.
مەسعوود خان باڵوێزی پێشووی پاکستان لە چین دهڵێت: "پاکستان هەوڵی داوە بۆ ئەوە دوو وڵات دۆخەکە هێور بکەنەوە و لەگەڵ یەك گفتوگۆ بکەن".
مهسعوود خان گوتیشی: "هەر بۆیەش سەرۆك وەزیرانی پاکستان ماوەیەک لەمەوبەر ناوبژیوانی بۆ ئاشتی لە نێوان ریاز و تارانی له ئەستۆ گرت و هەر دوو وڵاتیش پێشوازییان کرد".
ئهوهشی گوت: "من پێم وایە پاش ئەوە کێشەکان بە ئاستێکی باش کەم بوونەتەوە ئەگەرچی هێشتا هێندێک ناکۆکی لە نێوان دوو وڵاتدا هەیە".
م.ح