ئاگادار بن ئێف بی ئای شیفرەی ئایفۆنی کردەوە

لە مەودوا دەتوانێ ناوەرۆکی مۆبایلی ئایفۆن ئاشکرا بکات بەبێ پەنابردن بۆ کۆمپانیای ئەپڵ

K24-هەولێر

فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (FBI) ئاشکرای کرد کە شیفرەی مۆبایلی ئایفۆنی کردەوە و چی دیکە پێویستی بە کۆمپانیای ئەپڵ نییە بۆ کردنەوەی شیفرەی مۆبایڵی سەید فارووق، کە یەکێک بوو لە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی شاری سان بیرناردینۆ لە ئەمریکا.

حکوومەتی ئەمریکا لەمبارەوە رایگەیاند کە: "سەرکەوتوو بوو لە گەیشتنە زانیارییەکانی نێو مۆبایڵی ئایفۆنی سەید فارووق و چی دیکە پێویستی بە یارمەتی کۆمپانیای ئەپڵ نییە".

هاوکات داواکاری گشتیی ئەمریکا، ئایلین دیکیر لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "بڕیارماندا رێکارەکان رابگرین، چونکە راستییەکەی وا دیارە بە هاوکاریی لایەنی سێیەم ئێمە توانیمان مۆبایڵی ئایفۆنەکە بکەینەوە بەبێ زیان گەیاندنە زانیارییەکانی نێوی مۆبایلەکە"، بەڵام داواکاری گشتیی ئەمریکا ناوی ئەو لایەنەی ئاشکرا نەکرد کە یارمەتیدەر بووە لە کردنەوەی مۆبایلەکە.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (FBI) سکاڵای لە دژی کۆمپانیای ئەپڵ تۆمار کردبوو بۆ ئەوەی ناچاری بکات شیفرەی ئەو مۆبایلەی پێ بدات کە هی یەکێک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکەی شاری سان بیرناردینۆیە، بەڵام کۆمپانیای ئەپڵ بەردەوام ئەو داوایەی رەتدەکردەوە و رادەگەیاند کە ئەوان ئامادەنین شیفرەی مۆبایلی ئایفۆن بۆ ئێف بی ئای ئاشکرا بکات و ئەو پرسەی بە مەترسیی بۆ سەر تایبەتمەندیی کۆمپانیاکە و بەکارهێنەرانی مۆبایلی ئایفۆن ناوبرد.

ناوبراو سەید فارووق و هاوسەرەکەی کە ناوی تاشفین مالکە لە مانگی 12 ساڵی 2015 لە شاری سان بیرناردینۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا هێرشێکیان ئەنجامداو 14 کەسیان کوشت و دواتر پۆلیس هەردووکیانی کوشت.

فەرمانگەی ئێف بی ئای دەڵێ: زانیارییەکانی نێو مۆبایلەکەی ئەنجامدەری هێرشەکەی کالیفۆرنیا بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوە و شێوازی پلاندانان بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە زۆر گرنگە.

سەرچاوە: SKY، ئا: ئا ، ف