سندوقی دراوی نێودەوڵەتی زیاتر لە 6 ملیار دۆلار دەداتە عێراق

K24 - ھەولێر:

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بڕیارە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە بڕی زیاتر لە 6 ملیار دۆلار وەك ھاوكاری بە عێراق بدات.

لە لێدوانێكیدا هوشیار‌ زێباری،‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ عێراق بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند: "سندوقی‌ دراوی نێوده‌وڵه‌تی،‌ بڕیاریدا لە ئەمساڵدا به‌بڕی‌ 6ملیار و400 ملیۆن دۆلار هاوكاری‌ عێراق بكات".

زێباری گوتیشی: "بڕیاره‌ له ‌مانگی‌ داهاتووشدا عێراق داوای‌ قه‌رز له‌سندوقی‌ نه‌ختی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بكات، به ‌مه‌به‌ستی‌ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌و دۆخه‌ قه‌یراناوییه‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ وڵات بووەته‌وه‌".

ئەمە لە كاتێكدایە زیاتر لە ساڵێكە عێراق تووشی قەیرانی دارایی بووەتەوە، بەرپرسانی بەغداش دابەزینی نرخی‌ نه‌وت‌ و خەرجی شەڕی داعش، بە ھۆكاری سەرەكی ئەو قەیرانە داراییە دەزانن، لە لایەكی دیكەش بەھۆی قەیرانی سیاسیی بەرپرسانی باڵای عێراق لەبەردەم ھەڵوەشاندنەوەی حكوومەت و پێكھێنانی كابینەی حكوومەتێكی دیكەدان كە بە حكوومەتی تەكنۆكرات ناو دەبرێت.