داوا دەكرێت یاساییەكی وەزارەتی شەھیدان ھەموار بكرێتەوە

كەسوكاری شەھیدان لەو یاساییە ناڕازین
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/5930d3ba-873f-437d-8a7e-d190fe1b4405/pishmarga.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

بەپێی یاسای وەزارەتی شەهیدان هەر کەسێك لە بەرەکانی شەڕ بە گوللـە یان لە سەنگەری پێشەوە گیان لەدەست نەدات بە شەهید هەژمار ناکرێت، بڕیاردەری لیژنەی شەھیدان و پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، دەبێ ئەو یاساییە  لە بەرژەوەندی کەسوکاری شەهیدان هەموار بکرێتەوە.

ژمارەیەك لە كەسوكاری شەھیدانی شەڕی داعش گلەیی لە یاساییه‌کی وەزارەتی شەهیدان دەكەن بە گوێرەی یاساكە ئەو پێشمەرگانەی لە کاتی ھاتن و چوونەوەیان بۆ بەرەکانی شەڕ بەرووداوی هاتووچۆ گیان لە دەست دەدەن بە ئیمتیازاتی شەهید و پلەی شەهیدیان بۆ هەژمار ناکرێت.

لە بەدواداچوونی (كوردستان24) بۆ نیگەرانی كەسوكاری شەھیدان بەهار عەبدورەحمان، بڕیاردەری لیژنەی شەھیدان و پێشمەرگە لە پەڕلەمانی كوردستان رایگەیاند: "ئەو یاساییە كێشە و گرفتی زۆری ھەیە، تەنانەت بۆ وەزارەتی شەھیدانیش گرفتی دروستكردووە، ئێمە وەك لیژنەی پێشمەرگە و شەھیدان بە فەرمی داوامان لە وەزارەتی شەھیدان كردووە، تێبینی و پێشنیارەكانیان لەبارەی ئەو یاساییە ئاراستەی ئێمە بكەن، بۆ ئەوەی یاساكە ھەموار بكرێتەوە".

بە گوێرەی دواین ئاماری وەزارەتی لە ماوەی دووساڵدا پێشمەرگە بە درێژای 1050 کیلۆمەتر لە دژی داعش لە شەڕدایە و رۆڵی رنگی ھەبووە لە شكست پێھێنانی چەكدارانی داعش لە ھەرێمی كوردستران و عێراق، بەو هۆیەوە تا ئێستا 1600 پێشمەرگە شەهید بوونە و 8 هەزار پێشمەرگە دیكەش برینداربوونە.

بەپێی ئامارە نافەرمیەکانیش 100 پێشمەرگە بەھۆی رووداوی ھاتووچۆ لە شەڕی داعش گیانیان لە دەستداوە و 200 پێشمەرگەش برینداربوونە.