سندووقی نەختی نێودەوڵەتیی: یەدەکی بانکی ناوەندیی عێراق زۆر دابەزیوە

K24-هەولێر

سندووقی نەختی نێودەوڵەتیی رایگەیاند یەدەکی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ 54 ملیار دۆلاری ئەمریکی دابەزیوە بەهۆی شەڕی دژی داعش و زۆر دابەزینی نرخی نەوت .

سندووقی نەختی نێودەوڵەتیی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "تێکرای داهاتی راستەقینەی نێوخۆی (عێراق) لە ساڵی 2015 بە رێژەی سالب 2.1% پاشەکشێی کردووە بەهۆی شەڕی چەکداریی بەردەوام لەگەڵ رێکخراوی داعش کە بەردەوامە لە ماندووکردنی داهاتەکانی عێراق لەپاڵ زۆر دابەزینی نرخی نەوت کە بوونەتە هۆی شۆکێکی دەرەکیی گەورە بۆ هاوسەنگیی داهات و خەرجییەکان لە بودجەدا، ئەمەش بووەتە هۆی پەکخستنی جوڵەی بازرگانیی و داکشانی ئاستی متمانەی وەبەرهێنەران".

سندووقی نەختی نێودەوڵەتیی دەشڵێ: "بەم هۆیەوە جیاوازیی لە نێوان کورتهێنان لە حیسابی رەوان لە خەرجییەکان زیادی کردووە و گەیشتووەتە 5.1% ئەمەش بووە هۆی دابەزینی یەدەکی بیانیی (فیدڕاڵیی) عێراق لە کۆتایی ساڵی 2015 بە بڕی 13 ملیار دۆلار و ئێستا (یەدەکی فیدڕاڵیی عێراق) گەیشتووەتە 54 ملیار دۆلار".

سندووقی نەختی نێودەوڵەتیی ئاماژەش دەکات کە: "عێراق بەردەوامە لە پێشکەوتن لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی کە پسپۆرانی سندووقەکە چاودێریی دەکەن، عێراق سێ لەو پێنج ئامانجە دەپێکێ کە پێویستە بە کۆتایی ئەم ساڵ بیان پێکێ، یەکێک لەو ئامانجانە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی پێدانی مووچە و خانەنشینکردن و دابینکردنی کەلوپەل و خزمەتگوزاریی و هەواڵە کردن".

ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2014 یەدەکی فیدڕاڵیی عێراق لە سەرووی 80 ملیار دۆلار بوو، بەڵام بەهۆی سیاسەتی هەڕەمەکیی خەرجکردن لە لایەن حکوومەتی عێراق و تێچووی شەڕی داعش و کەمبوونی داهاتی نەوتی عێراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە جیهان، هەموو ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی عێراق دووچاری قەیرانی دارایی ببێتەوە و ناچار پەنا بۆ خەرجکردنی یەدەکی فیدڕاڵیی خۆی ببات.

ئا: ئا ، ف