كەمئەندامان نیگەرانن لە دواكەوتنی مووچەكانیان

"حەوت مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/32f2490e-7119-4a78-97a5-2a358da9c052/muchei%20xawenpedawisti%20taibet.ism/manifest

K24 - سلێمانی:

ژمارەیەك لە خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان رایدەگەیەننن ماوەی 7 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و گلەیی لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە تا ئێستا كێشەكانیان لیستی مووچەی ئەوان چارەسەر نەكراوە و كەسیش بە ھاناینەوە ناچێت.

ئەلوەن محەممەد، خاتونێکى خاوەنپێداویستى تایبەتە و داهاتى خۆى و خێزانە 7 کەسیەکەى تەنها مووچەی کەمئەندامیەیەتیە کە بڕەکەى 150 ھەزاردینارەو وەك خۆى دەڵیت سێ منداڵى کەمئەندامى هەیە، داوا لە بەرپرسانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەکات سیستمى تازەى مووچە پاشەکەوت کردن لەسەر داهاتى کەمئەندامان جێبەجێ نەکرێت، ئەلوەن، بە (كوردستان24)ی گوت: "ھیچ داھاتێكی دیكەمان نییە ھەر ئەو مووچەیە كە وەك كەمئەندام وەریدەگرم".

گوتیشی: "لە مانگی 9ی ساڵی رابردووەوە مووچەم وەرنەگرتووە، ئەگەر مووچە نەبێ چۆن منداڵە قوتابییەكانم بڕۆن بۆ قوتابخانە، جگە لەوە چۆن خەرجی ماڵەوە بكەین، بۆیە داواكارم لە حكوومەت مووچەكەم پێبدەن و كەمی نەكەنەوە".

ئەحمەد یحیا، لێپرسراوى کومەڵەى رۆژ یەكێكی دیكەیە لە كەمئەندامان ئەو دەڵێ: "جگە لە كەمی مووچە و پێنەدانمان مەعاناتی زۆرمان ھەیە، ئەو دار لاستیەكی پێیدەڕۆم ئەگەر زۆر پێی بڕۆم دەبێ مانگانە 150 ھەزار دینار تەنھا بدەم بەو دارە".

فەرسەت ئیبراهیم، راویژکارى یاسایى کومەڵەى رۆژ بۆ كەمئەندامان، :"لەو بڕیارە كە لە حكوومەت دەرچووە بۆ پاككردنەوەی لیستی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، پێویستی بە 6 مانگ تا ساڵێك ھەیە، ئەمەش كاتێكی زۆرە و چەندەم جارە ئەوە دەكرێت".

بەپێی داتا فەرمییەكان ئەو كەمئەندامانەی ناویان تۆماركراوە لە ھەرێمی كوردستان ژمارەیان نزیکەى 120 کەمئەندام دەبێت، بەشی زۆریان بەھۆی جەنگەكانی عێراق و ناوچە مینڕیژکراوەکان ئەندامی جەستەیان لە دەستداوە، ئێستاش بەھۆی شەڕی داعشەوە ژمارەی كەمئەندامان لە زیادبوون دایە، بەڵام ماوەی 7 مانگە لە لایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مووچەیان پێنەدراوە.