پارتە سیاسییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان لە یادی پێشەوا داوای یەكگرتووی دەكەن

69 ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی تێدەپەڕێت
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/c8d60568-7572-44f1-b1f4-42552574262b/ray%20hzbekan%2010y%20xakelewe.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

لە یادی كۆماری مھاباد و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد، سەركردەی پارتە سیاسییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان داوای یەكگرتووی بۆ ھێزە سیاسییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان دەكەن، لە پێناو درێژەدان بە خەبات و بەدی ھێنانی وەسیەتەكانی پێشەوا بۆ بە دەستھێنانی ئامانجەكانی گەلی كورد.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) حەمە ساڵح قادری، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران رایگەیاند: "لە واقعی خەباتدا وەك كێماسی ھەست بە نەبوونی یەكگوتووی دەكرێت، ئەم پەرش و بڵاوەیەش ھۆكاری خۆی ھەیە".

گوتیشی: "گرنگی خەبات دژی رژێمی كۆنەپەرستی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئێستا لە ھەموو كات زیاتر رێكخستی كۆمەڵگەی كوردستان ئەركە لەسەرمان، دەبێ ھەر لایەك لە ئاست بەرپرسیارییەتی خۆیدا ھەوڵ بۆ یەكگرتووی و تەبایی و یەكڕیزی بدات".

لە بارەی بەدیھێنانی وەسیەتی پێشەوا قازی بۆ یەكگرتووی و یەكڕیزی گەلی كورد ئیبراھیم زێوەیی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموكراتی كوردستان بە (كوردستان24)ی گوت: "وەسیەتی قازی محەممەد، وەك سەرۆك كۆماری كوردستان ھەمیشە ئەوەبوو، كورد دەبێ یەك دەنگ و یەكڕیزبێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئێمە وەك حزبی دیموكراتی كوردستان بۆ بە دیھێنانی وەسیەتەكانی قازی محەممەد، ئەوەی لە دەستمان ھاتبێ درێخیمان نەكردووە، ئەگەر ئەوەش نەكەین ئەوا ناتوانین بە مافەكانمان بگەین".

حوسێن یەزدان پەنا، جێگری سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستان ئەوەی خستەڕوو: "بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلی كورد لەوپەڕی پەرش و بڵاویدایە، یەك رێگامان لەبەر ئەوەیش گەڕانەوەیە بۆ ناوەرۆكی پەیام و وەسیەتنامەی پێشەوا قازی محەممەد".

69ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لە 30 ئاداری لە ساڵی 1947 قازی محەممەد، سەرۆك كۆماری كۆماری كوردستان و ھاوڕییانی لە مەیدانی چوارچرای لە شاری مەھاباد لەلایەن حكوومەتی ئەو كاتی ئێران لە سێدارەدران.