قەرەیلان: دەبێ گەریلا لە شاخەكانەوە پشتگیری لە خەڵكی ناو شارەكان بكەن

پەیامێك ئەراستەی ھێزەكانیان دەكات

K24 - ھەولێر:

فەرماندەی ھێزەكانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) رایگەیاند، دەبێ گەریلاكان لە شاخەوە پشتگیری لە خەڵكی ناو شارەكان بكەن.

موراد قەرەیلان، فەرماندەی ھێزەكانی پاراستی گەل (ھەپەگە) پەیامێكی كە لە رێگەی بێتەل ئاراستەی ھێزەكانیان كرد و رایگەیاند: "گەنجانی كورد لە ناو شارەكان بەرخوادان بەڕێوە دەبەن، لە لایەن سوپای توركیا ھێرشیان دەكرێتەسەر، دەبێ گەریلاكان لە شاخەكانەوە پشتگیری لە خەڵكی ناو شارەكان بكەن، بەڵام گەریلا ناچنە ناو شارەكان".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا قەرەیلان، دەڵێ: "ئەو دەمەی ئێمە گرنگیدەدەین بە پڕۆسەی سوپای توركیا بە ھەموو شێوەیەك شەڕ بەرامبەر گەنجانی كورد دەكات".

فەرماندەی ھەپەگە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پێویستە بەرپرسانی توركیا ئەوە باش بزانێ مەرج بۆ قازانج كردن لەو شەڕەدا نییە، نابێ چیدیكە منداڵانی كورد و تورك بۆ دەستەڵاتداری ئەردۆغان بكوژرێت، رێگای چارەسەری ئازادكردنی رێبەر ئاپۆ و قبوڵكردنی خۆسەری كوردانە، جگە لەوە ھیچی دیكە نینە".

ئەمە لە كاتێكدایە زیاتر لە ساڵێكە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا وەستاوە و شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە ناو شارەكانی باكووری كوردستان بەردەمی ھەیە، ئەمەش بووەتە ھۆی گیان لە دەستدانی ژمارەیەكی زۆر لە ھاووڵاتیان و ئاوارەبوونی چەندین خێزان لەسەر ماڵ و حاڵیان.

سەرچاوە: فرات نیوز