سەرۆكی حكوومەتی لیبیا بەڵێنی بەدامەزراوەكردنی دەزگاكانی وڵات دەدات

حکوومەتی نیشتیمانی لە لایەن بەشێک لە گروپە چەکدارەکانی نێوخۆی وڵات رەت دەکرێتەوە، بەڵام لە رووی نێو دەوڵەتییەوە پشتگیرییەکی بەهێزی نێو دەوڵەتی هەیە.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/a48faa0e-a52d-49ce-a0e3-0db572c91ea4/Lybia%20Garanewi%20Hkumet.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

دوای گەڕانەوەی ئەندامانی حکوومەتی ویفاقی نیشتیمانی لیبیا، بە پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی، لە تونسەوە بۆ تەڕابلوسی پایتەخت، فایز سەڕاج، سەرۆکی حکوومەتەکە بەڵێن دەدات، هەوڵ بۆ دەوڵەتێکی خاوەن یاساو دامەزراوەکان بدات و هێمنی و سەقامگیری بگێڕێتەوە بۆ وڵات.

فایز سەڕاج، سەرۆکی حکوومەتی لیبیا رایگەیاند: "بە پاڵپشتی خوا و گەلی لیبیا، هەوڵ بۆ وڵاتێکی خاوەن یاسا و دامەزراوەکان  دەدەین و هەوڵ دەدەین شەڕو خوێن رشتن نەهێڵین و ئارامی و سەقامگریی بۆ وڵات بگێڕینەوە".

فایز سەڕاج، گوتیشی: "هەنگاو و کرداری زۆرمان ناوە رووەو یەکخستنەوەی دامەزراوەکان، بەتایبەت بانکی ناوەندی وڵات و دامەزراوەی نیشتیمانی نەوت، پلانی گونجاومان دەستنیشان کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتە ئابووریی و داراییەکان، لە پێناو کەم کردنەوەی ئەو قەیرانانەی ئێستای وڵات".

هەرچەندە حکوومەتی نیشتیمانی لە لایەن بەشێک لە گروپە چەکدارەکانی نێوخۆی وڵات رەت دەکرێتەوە، بەڵام لە رووی نێو دەوڵەتییەوە پشتگیرییەکی بەهێزی نێو دەوڵەتی هەیە.

 هەردوای گەیشتنی ئەندامانی حکوومەتەکەی سەڕاج بۆ تەڕابلوس، دەنگی زۆری تەقینەوە و تەقە لە شارەکە، بیسترا هاتنەوەیان لەلایەن زۆرێک لە گروپە چکدارەکانەوە دژایەتی دەکرێت.