ھۆڵەندا تیمێكی راوێژكاری سەربازی رەوانەی ھەرێمی كوردستان دەكات

ئەم ھەفتەیە سوپای ھۆڵەندی 25 راوێژکاری سەربازی رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکات

 K24 - ھەولێر:

حکوومەتی ھۆڵەندی ئاشکرای کرد کە بەنیازە تیمێکی تایبەتی راوێژکاری سەربازی رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکات، بەمەبەستی مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان لە دژی رێکخراوی داعش.

ھێنز پلاسچێرت، وەزیری بەرگری ھۆڵەندا بە پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئەم ھەفتەیە سوپای ھۆڵەندی 25 راوێژکاری سەربازی رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ زیاتر مەشقپێکردنی پێشمەرگە و ئامادەکردنیان بۆ ئۆپراسیۆنی مووسڵ.

ھەروەھا وەزیری بەرگری ھۆڵەندا ئاشکرایکردووە ئەو 25 راوێژکارە لە نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە جێگیر دەکرێن، بەشدارنابن لە ھیچ رووبەڕووبوونەوە و شەڕێکدا.

ھێنز پلاسچێرت گوتیشی، راوێژکارە ھۆڵەندییەكان، پێشمەرگە لەسەر ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی تایبەتی مەشق پێ دەکەن.

لەسەرەتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ، نزیکەی 100 راوێژکاری ھۆڵەندی لە ھەولێرن بۆ مەشق و راھێنانی بە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان.

ھۆڵەندا ئەندامی ھوپەیمانێتی نێودەوڵەتیە دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، ھەر لەو چوارچێوەیەدا راوێژكارە سەربازییەكانی مەشق و راھێنان بە ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن.