رەجەب تەیب ئەردۆغان: رەخنەی توند لە وڵاتانی ئەوروپا دەگرێت

"وڵاتانی ئەوروپا بەرپرسیاری یەکەمن لە بڵاوبوونەوەی داعش لە کیشوەرەکە"

K24 – ھەولێر:

رەجەب تەیب ئەردوغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایدەگەیەند، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، نەیانتوانیووە چارەسەری ھەڕەشەی تیرۆر بکەن لە کیشوەرەکەیان، لەبەرئەوەی زۆربەیان نەیانویستووە بەرپرسیارێتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ئەستۆ بگرن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، رەخنەی توند لە وڵاتانی ئەوروپی دەگرێت و دەڵێ ھەر وڵاتانی ئەوروپا بەرپرسیاری یەکەمن لە بڵاوبوونەوەی داعش لە کیشوەرەکە، بەوەی بەجیدی ھەوڵی بنبڕکردنی بیری جیھادیان لە کیشوەرکە نەداوە.

ھەروەھا ئەردوغان راشیگەیاندووە، ھێرشەکانی ھەفتەی رابردووی بڕۆکسل، نموونەیەکی زیندووە لە کەموکوڕی ئەوروپا لە بەرامبەر بە چارەسەرکردنی کێشەی تیرۆر.

سەرۆك كۆماری توركیا گوتیشی: ساڵی رابردوو تورکیا خۆکوژەکەی بڕۆكسل دەستگیر کرد و رەوانەی ھۆڵەندای کرد و دواتریش بۆ بەلجیکا، بەڵام پاشان ئازاد کرا.

 ھەروەھا ئەردوغان ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی رێکخراوی داعش لە سووریا و عێراق.