رێكخراوێك: حكوومەت نەیانتوانیوە لەئاستی کێشەى ئۆتیزمدا بێت

لە رۆژی ھۆشاری ئۆتیزم بەیاننامەیەك بڵاو دەكەنەوە

K24 - ھەولێر:

رێکخراوى هوما بۆ تووشبووانى ئۆتیزمى کوردستان رایگەیاند، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نەیانتوانیوە لە ئاست گەورەیی کێشەى ئۆتیزمدا بێت و سەنتەری راهێنان و چارەسەر و پەروەردەیى تایبەت بکاتەوە.

 لە بەیاننامەیەكدا كە بۆنەی رۆژی جیھانی ھۆشیاری ئۆتیزم بڵاویان كردوەتەوە و وێنەیەكی بۆ (كوردستان24) نێردراوە تێیداھاتووە: "ئەمساڵیش وەك ساڵانى تر یادى ئەم رۆژە دەکەینەوە، بێ ئەوەى حکوومەت و لایەنە پەیوەندارەکان هیچ پرۆژە و مژدەیەکی خۆشیان بۆ منداڵانی ئۆتیزم هەبێت. رۆژ بە رۆژیش ژمارەى تووشبووانى ئۆتیزم روو لەزیاد بوون دەکات".

لە بەشێكی دیكەی ئەو بیاننامەدا رێكخراوی ھوما رایگەیاندوە: "ئێمە وەزارەتەکانى پەیوەندیدار، له‌سه‌رووی هه‌مووشییانه‌وه‌ سیاسه‌تی حکوومه‌تی هەرێم بە کەمتەرخەم و بەرپرس دەزانین، ماوەی چەند ساڵێکە لە دەرگای حکوومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەدەین و بەڵێنمان پێدەدەن، بەڵام بە داخەوە هیچکام لەو بەڵێنە بریقەدارانە جێبەجێ نەکراوون و، هەر قسەى زارەکى و مرەکەبی سەر کاغەز بوونە".

رێكخراوەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو: "سەرجەم چین و توێژەکانی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستى تایبەت بەجۆرێك لە جۆرەکان سوودمەند بوونە لە زەوى وەرگرتن و یەکەى نیشتەجێبوون، تەنیا منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم لەم مافە بێشکراوون و تا ئێستا هیچ منداڵێکى تووشبوو بە ئۆتیزم زەوى وەرنەگرتووە، بۆیە داواکارین لە پێناو زامنکردنى ژیانى داهاتووى منداڵەکان، هەر منداڵێک پارەچەیەك زەوی پێبدرێت".

ھەر لەم بەیاننامەدا داوا دەكەن: "حکوومەت و وەزارەتەكانی په‌یوه‌ندیدار ئاسانکاری و هاوکاری رێکخراوەکانى قازانج نەویست و سەرمایەدارەکان بکەن، لە کردنەوەو دروستكردنى سەنتەری هاوچەرخ و، بایەخ بەكەرتى ئەهلى بدرێت، چونکە ناکرێ منداڵەکان لەچاوەڕوانی بەڵێنی خەیاڵی و بەدینەهاتووی حکومەت ژیانیان بفەوتێت و بۆ هەمیشە لەژوورەکانى ماڵەوە زیندانى بکرێن".