ئۆباما ھۆشداری دەداتە بەرپرسانی توركیا

"دڵنیام ئەردوغان خۆی بەپڕۆسەیەکی دیموکراسی ھەڵبژێردراوە، بەڵام ئەو سیاسەتەی لەبارەی ئازادی رۆژنامەگەرییەوە گرتوویانەتە بەر، رەنگە تورکیا بخاتە سەر رێگایەکی پڕ لە کێشە"

K24 – ھەولێر:

باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا له‌ سه‌ر به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی ره‌خنه‌ی توند له‌ توركیا ده‌گرێت و و ھۆشداری دەداتە بەرپرسانی ئەنقەرە، ئەگەر سیاسەتەکانیان نەگۆڕن، رەنگە، لەداھاتوودا تورکیا رووبەڕووی مەترسی ببێته‌وه‌.

باراك ئۆباما رایگەیاند: "تورکیا ھاوپەیمانی ناتۆیە و ھاوپەیمانێکی گرنگیمانە لە شەڕی دژی داعش و وڵاتێکە ئێمە پەیوەندییەکی ستراتیژی و مێژوویمان لەگەڵدا ھەیە،رەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆکێکە کە لەوەتەی ھاتوومەتە پۆستەکەم زۆر کارم لەگەڵدا کردووە و پەیوەندییەکی بەرھەمھێنەرمان ھەبووە، بەڵام ھەندێ کار لە تورکیا روودەدەن کە نیگەرانی کردووم و ئەمەشم بەخۆی گوتووە".

باراك ئۆباما دەشڵێت: "من دڵنیام ئەردوغان خۆی بەپڕۆسەیەکی دیموکراسی ھەڵبژێردراوە، بەڵام ئەو سیاسەتەی لەبارەی ئازادی رۆژنامەگەرییەوە گرتوویانەتە بەر، رەنگە تورکیا بخاتە سەر رێگایەکی پڕ لە کێشە".

لە ساڵی رابردوو چەند رۆژنامەنووسێك لە توركیا سزادران و بەشێكیان لە كارەكانیان دوور خرانەوە، لە ساڵی رابردوو لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنووسان، كە رێكخراوێكی ناحكومیە رایگەیاند كە لە توركیا 76  رۆژنامەنووس دەستگیركراون.