عێراق بەنیازە داهاتی خۆی زیاتر بکات بەبێ پشتبەستن بە نەوت

"لە ماوەی پێنج ساڵدا داهاتی عێراق لە دەرەوەی نەوت بۆ 20 تاوەکوو 30 ترلیۆن دینار زیاد دەکەین"

K24-هەولێر

بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند بەندێکی پلانی چەکسازییەکانی حکوومەت پەیوەندیدارە بە بودجە و پلانێکی لەخۆگرتووە بۆ زیادکردنی داهاتەکانی دیکە جگە لە داهاتی نەوت لە ماوەی پێنج ساڵدا بۆ 20 تاوەکوو 30 ترلیۆن دینار.

بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، مەهدی ئەلعەلاق لە سیمینارێک کە پەیمانگەی سیاسەتەکانی پەرەپێدان رێکیخستبوو راشیگەیاند: "پلانەکە سێ قۆناغە، یەکەمیان کورت خایەنە و حەوت دەستپێشخەریی لەخۆگرتووە و دواتر قۆناغی دووەم دەستپێدەکات و دواتر سێیەم و لە ساڵی 2020 کۆتاییان دێ و حکوومەت پابەند دەبێت بەم پلانە کە دەبێتە هۆی پێشخستنی ئابووریی".

مەهدی ئەلعەلاق گوتیشی: "تیمێکی راوێژکاریی خۆبەخش پێکهێنراوە و لە رەشنووسی چاکسازییدا باس کراوە و ئەو تیمە چەند پسپۆرێک و شارەزایەکی لەخۆگرتووە و ئەرکیان پێشکەشکردنی راوێژ و ئامۆژگارییە بە حکوومەت".

مەهدی ئەلعەلاق لەبارەی پرسی گەندەڵییەوە ئاماژەشی کرد کە: "ئەنجوومەنێکی باڵامان پێکهێناوە بۆ نەهێشتنی گەندەڵیی بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران، حەیدەر عەبادیی و ئەرکی ئەنجوومەنەکە لە 12 خاڵدا دیار کراوە و هەموویان پەیوەندیدارن بە نەهێشتن و رێگەگرتن لە گەندەڵیی و بە رێگەی دەستەی دەستپاکیی و دیوانی چاودێریی دارایی و نووسینگەکانی پشکێنەرانی گشتیی".

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی ساڵی 2016ی عێراق پێشبینی دەکرێت داهاتی عێراق جگە لە نەوت ئەم ساڵ بگاتە نزیکەی 12 ترلیۆن دیناری عێراقیی.

سەرچاوە: حەیاتی لەندەنیی، ئا: ئا ، ف