ئێران...لە13 بەدەر نزیكەی 400 كەس بە رووداوی ھاتووچۆ گیانیان لە دەستداوە

K24 - ھەولێر:

بەرپرسی ناوەندی فریاکەوتنی پزیشکی ئێران رایگەیاند، لە١٣رۆژی نەورۆزی ئەمساڵدا نزیكەی 400 كەس بەھۆی رووداوی ھاتووچۆ گیانیان لە دەستداوە.

لە لێدوانێكدا ئەمین سابیری نیا، بەرپرسی ناوەندی فریاکەوتنی پزیشکی ئێران بە کەناڵی خەبەری ئێرانی راگەیاند: "لە نەورۆزی ئەمساڵدا ١٩٤رووداوی هاتوچۆ لە سەرتاسەری ئێران روویانداوە، بەوهۆیەوە 384 کەس گیانیان لەدەستداوە".

 لە بارەی ژمارەی رووداو و قوربانییەكانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەرپرسی ناوەندی فریاکەوتنی پزیشکی ئێران گوتی: "لە ١٠ ساڵی رابردوودا لە نەورۆز بەو رادەیە قوربانی هاتوچۆ لەئێران نەبووە، هۆکاری سەرەكی ئەمەش خراپی رێگاکان و پابەند نەبوونی شۆفێرانە  بە یاساكانی پۆلیسی ھاتووچۆ".

ھەموو ساڵێك بە بۆنەی ھاتنی جەژنی نەورۆز، لە ئێران 13 رۆژ دەبێتە پشووی فەرمی لە دامودەزگاكانی حكوومەت كە لە ئێران بە 13 بەدەر ناودەبرێت، خەڵكی ئەم 13 رۆژە بۆ گەشت و سەیران تەرخان دەكات، ساڵانەش رووداوەكانی ھاتووچۆ لەو ماوەیەدا زیاتر دەبن.