كەركووك...كورد قایلە پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بدرێت بە توركمان

"باوەڕی بە پێكەوە ژیان ھەبێت لە كەركووك"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/9dbdab29-0668-4adf-a658-c3ac2cb2baeb/press%20konfransi%20layana%20siyasekani%20karkuk.ism/manifest

K24 - كەركووك:

لایەنە سیاسییەكانی كورد لە كەركووك رایانگەیاند، ئەوان قایلن كە پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بە توركمانەكان بدرێت، مەرجی كورد تەنھا ئەوەیە ئەو كەسەی پۆستەكە وەردەگرێت خەڵكی كەركووك بێت نەك لە شوێنێكی دیكەوە بھێنرێت.

ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەكانی كورد لە شاری كەركووك لە كۆبوونەوە، دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئامانجی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو، لایەنە سیاسییەكان رایانگەیاند: "ئێمە لاریمان نییە ئەگەر برا توركمانەكان خۆیان ئەم پۆستە وەربگرن، بەڵام پێویستی بە گفتوگۆكردن ھەیە، مەرجی كورد تەنھا ئەوەیە توركمانی كەركووك بێت و دانیشتووی ناوچەكە بێت، ھەروەھا باوەڕی بە پێكەوە ژیان ھەبێت لە كەركووك".

باسیان لەوەشكرد: "لە كۆبوونەوەكەدا ھەڵوەستەمان لەسەر چەند خالێك كرد، وەك پشتگیری فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا بەرامبەر بە داخوازییەكانی كورد، ھەروەھا داواش لە حكوومەتی عێراق دەكەین ئستحقاقی كورد لە بەغدا پێشل نەكات و پشكی كورد بە پێی دەستوور بدرێت".

ئاماژەیان بۆ ئەوەشكرد: "باسمان لەوەكرد ھاووڵاتیان كەركووك ئاگادار بكرێنەوە بۆ ئەوەی ناوی خۆیان لە سیستمی نوێی كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان (بایۆمەتری) تۆمار بكەن، بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا مافی دەنگدانیان ھەبێت".

لایەنە سیاسییەكان ئەوەیانخستەڕوو: "لە كۆبوونەوەكەدا باسیان لەوە كردوە، ئەگەر ھەر خۆپێشاندانێك لە كەركووك ئەنجامبدرێت مۆڵەتی یاسایی ھەبێت بۆ ئەوەی حاڵەتی نەخوازراوی لێ نەكەوێتەوە".