13 به‌ده‌ری رۆژهه‌ڵاتییه‌كان له‌ باشووری كوردستان

له‌و رۆژه‌دا خواردنێكی تایبه‌ت ئاماده‌ ده‌كه‌ن
kurdistan24.net

K24 - كۆیه‌:

ھاوكات لەگەڵ رۆژھەڵاتی كوردستان، ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی نیشتەجێی باشووری كوردستان، لە كەشێكی ئارام، رۆژی 13ی نەورۆز. كە بە سێزدەبەدەر ناسراوە، چوونە باوەشی سرووشت و ئەم رۆژەیان پیرۆز راگرت..

بەپێی نەرێتێكی كۆن، بۆ ماڵئاوایی لە رۆژانی نەورۆز و كۆتاییھێنان بە رۆژانی پشوو، ئەم یادە بەرز رادەگیرێت و چەندین رێورەسمی تایبەتیشی تێدا ئەنجام دەدرێت.

سێزدە بەدەر... بە مانای دەركردنی 13 یە لە ژیان، كە بە پێی بیروباوەڕێكی كۆن خراپ و شوومە، بە مانایەكی دیكه‌، كە لە ھەندێ بەڵگەنامەی مێژوویی ھاتووە "دەر" بە مانای دەشت دێ  كە لە كوردەواریش  دەڵێن "دەشت و دەر"، ئەم خەڵكەش وەك نەریتێكی كۆن رۆژی 13 نەورۆز ھاتوونەتە ناو دەشت و سرووشت، ئەوان ئەمە بە نەریتی كۆنی كورد دەزانن.

لە رۆژی 13 بەدەر سەرەڕای پۆشینی جلوبەرگی كوردی و چوونە ناو سرووشت، چەندین رێورەسم و كاری تایبەتیش ئەنجام دەدرێن، كە ھەر یەك مانای تایبەتی خۆی ھەیە، یه‌كێك له‌وانه‌ 13 به‌رد بۆ دواوه‌ فڕێده‌ده‌ن، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌دوورخستنه‌وه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كان له‌ ژیانی رابردووی خۆیان.

یەكێك لەو خواردنانەی زۆر باوە  لە رۆژی 13 بەدەر و  زۆربەی ھەرە زۆری خەڵك لە كاتی سەیرانیان لە ناو سرووشت دروستی دەكەن، "دۆكوڵیو"ه‌، كه‌ له‌لایه‌ن كابانی ماڵه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت و له‌ سرووشتی سه‌وز و به‌هاریدا، ده‌مه‌و عه‌سران، ده‌یخۆن.

دەڵێن لە سەردەمی كۆن، گه‌لانی ئاری، لە سەرەتای ساڵی نوێ و بەھار، دوای 12 رۆژ جەژن، بە یادی 12 مانگی ساڵ، رۆژی 13ی نەورۆز، بۆ دەسپێكی ساڵی خۆش و ماڵئاوایی لە ساڵی كۆن  پیرۆز رادەگرن.