700 ھەزار ناونیشانی كتێب لە ھەولێر نمایش دەكرێن

یازدەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە ھەولێر دەكرێتەوە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/cffa22a7-9045-4583-b42f-ed3d65667823/peshangay%20newdawlati%20kteb.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

بڕیارە سبەی بە چاودێری مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان یازدەمین پێشانگای نێودەوڵەتی لە شاری ھەولێر بكرێتەوە، بەڕێوەبەری گشتی پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر رایگەیاند، نزیكەی 700 ھەزار ناونیشانی كتێب نمایش دەكرێن.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) عەبدوڵڵا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر رایگەیاند: "ماوەی 15 رۆژە ئامادەكاری بۆ كردنەوەی یازدەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە ھەولێر دەكرێت و سبەی بە بەشداری نزیكەی 20 وڵات پێشانگاكە دەكرێتەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو پێشانگای ئەمساڵ زۆر گەورەیە نزیكەی 700 ھەزار ناونیشانی كتێب نمایش دەكرێت، 200 دەزگای چاپ و بڵاوكراوەی جیھانی بەشداری دەكەن و ئەم پێشانگایە ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت".

پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب چەند ساڵێكە لە شاری ھەولێر بەڕێوە دەچێت لە ساڵی 2009وە بە بڕیاری جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری ئەو كاتی عێراق و مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سپۆنسەری پێشانگاكە دراوە بە دەزگای (المەدا) بە ھاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری داشكاندنی نرخ بۆ كتێبەكان دیار دەكەن و فلتەری كتێبەكانیش دەكرێت كە لەو پێشانگایە نمایش دەكرێت.