مەلا بەختیار: لە رێکخەری گشتیی گۆڕانمان داواکرد دیبەیت بکەین ئامادە نەبوو

مەلا بەختیار لەبارەی دیبەیتەکەی لەگەڵ عەلی باپیر: ئەركێكی دیموكراسییە نەك دوژمنایەتی

K24-هەولێر

بڕیارە لە رێکەوتی 2016/4/10 لە سلێمانی دیبەتێک لەنێوان بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەلا بەختیار و ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، عەلی باپیر رێکبخرێ، هاوکات مەلا بەختیار دەڵێ لە رێکخەری گشتیی گۆڕانمان داواکرد دیبەیت بکەین، ئامادە نەبوو.

مەلا بەختیار لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەی چاودێر بڵاوی کردووەتەوە لەبارەی دیبەیتەکەوە دەڵێ: "بڕیارە دیبەیتەکە لە هۆڵی تەوار كاتژمێر 4 ی دوای نیوەڕۆ، لە لایەن سەنتەری (خانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس) لەنێوان بەندەو بەرێز عەلی باپیردا رێكبخرێت".

مەلا بەختیار لە وتارەکەیدا باسی مێژووی دیبەیت دەکات لە هەرێمی کوردستان و ئەوجا دەڵێ: "هەتا ئێستا لەكەناڵەكان یان لە ناو هۆڵەكان لەنێوان دوو كەسایەتی دیار و كاریگەری دوو حزبدا، نە لە هەڵبژاردنەكان ‌و نە لە دوای هەڵبژاردنیش، دیبەیت نەكراوە".

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی ئاماژەش دەکات کە: "ئێمە چەند جارێك، دوای جیابونەوەی گۆڕان، لە رێكخەری گشتیی گۆڕانمان داواكرد، دیبەیت بكەین، ئامادە نەبوو، تەنانەت بەرێز (هۆمەر شێخ مووس) ئامادە بوو دیبەتی ئێمە و رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان، بەرێوە ببات، هەر سوودی نەبوو. هەروەها پەیاممان بۆ سەركردەی هەندێك لە حزبەكانی تریش نارد، دوای رووداوەكانی 17ی شوبات لەسەر دۆخی كوردستان ‌و ناوچەكە، روبەروببینەوە، نەسازا".

مەلا بەختیار باس لەوەش دەکات کە: "دیبەیتی (10/4/2016) بە دەستپێشخەری (خانەی زانستە مرۆییەكانی پاریس)‌ و پەسەندی بەرێزان (میشێل ڤیڤیۆركا) و (عادل باخەوان) مانگێك لەمەوبەر، پێشنیار كرا. كە لەنێوان ئێمەو بەڕێز (عەلی باپیر) دا ئەنجامبدرێت. هەردووكمان، قبوڵمان كرد. ئەمەش خۆی لەخۆیدا، دەیسەلمێنێ كە پەیوەندیی نێوان هێزێكی سیكولاری دیموكراتی وەكوو یەكێتی ‌و هێزێكی ئیسلامگەرای وەكوو كۆمەڵی ئیسلامی، لەئاستێكدایە، ئاساییە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی‌ و لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، دیبەیتێكی وا بكەن".

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی دەشڵێ: "پرۆژەی دەستووری كوردستانیش، هەروەها، دەسەڵاتە یاساییەكانی سەرۆكایەتی هەرێم، لە كێشە بنەڕەتییەكانی ئێستای كوردستانە. تەنانەت بە كێشەی پەرلەمانی هەڵپەسێردراویشمانەوە".

ئا: ئا ، ف