جورۆزلیم پۆست: ئێران و عێراق له‌رێگه‌ی په‌كه‌كه‌وه‌ ھەوڵی لاوازكردنی ھەرێمی کوردستان ده‌ده‌ن

ئێران دەیەوێت پەکەکە بەشداری لە پرۆسه‌ی ئازادکردنی موسڵدا بکات
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/28684368-4700-46c3-b276-3fc889c968c9/PKK%20Iran%20Shingal.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی، ئێران و عێراق ھەوڵدەدەن پەکەکە بەكاربھێنن بۆ ئەوەی دەست بەسەر شەنگال و ناوچەکانی دەووروبەریدا بگرن و ھەرێمی کوردستانیش لاواز بكەن.

لە رۆژنامەکەدا ئەوەش ھاتووە، ئێران دەیەوێت پەکەکە بەشداری لە  پرۆسه‌ی ئازادکردنی موسڵدا بکات، ئەمەش بۆ ئەوەی رێ لە دروستبوونی ھەرێمێکی سوننە لەو ناوچەیەدا بگرێت  و رێگەش نەدات، دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان فراوانتر بێت.

رۆژنامه‌كه‌ ئاشکرای دەکات، ئێران بەمەبەستی لاوازکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان، لە رێگای پارتی کرێکارانی کوردستانەوە (پەکەکە) ھەوڵدەدات شنگال، چیای شنگال و پاشان موسڵیش کۆنتڕۆڵ بکات.

رۆژنامەی جورۆزلیم پۆستی ئیسرائیلی كە بەزمانی ئینگلیزی دەردەچێت، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەھۆی گرنگی و ستراتیژی جۆگرافیای شنگال، ئێران و حکوومەتی عێراقی، دەیانەوێت ئەو ناوچەیە لەدەست ھەرێمی کوردستان دەربێنن و خۆیان کۆنتڕۆڵی بکەن، بەمەش دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل، لەبەرئەوەی لەساڵی 1991 رژێمی سەدام لەسەر چیای شنگالەوە بۆردومانی ئیسرائیلی کردووە.

رۆژنامە ئیسرائیلییەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، چیای شنگال شوێنێکی لەبارە بۆ چاودێریکردن و سیخوڕییکردن بەسەر وڵاتانی ناوچەکە، لەبەرئەوەی ناوچەیەکی سنووری و گەورەیە و قەبارەی شنگال، دوو ئەوەندەی لوبنان دەبێت.

رۆژنامەکە ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئێستا ھێزی پێشمەرگە ناوچەکانی دەووروبەری شنگاڵی کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام پەکەکە، بە ھاوکاری ئێران و حکوومەتی بەغدا دەیەوێت ئەوە بگۆڕێت، ئەوەش لە رێگای ھێنانی ١٦٠٠ چەکدار بۆ ئەو ناوچەیە، ئەو کەسەی فەرماندەی ئەو چەکدارانەش دەکات ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتییە.

ھەروەھا رۆژنامەی جورۆزلیم پۆست دەڵێت: "بە کۆنتڕۆڵکردنی شنگال، ئێران دەتوانێ کاریگەری خۆی لە عێراق و سووریا فروانتربکات، لەبەرئەوەی لەو ناوچەیەوە ئێران دەتوانێ ھاوکاری سەربازیی و دارایی بۆ رژێمی ئەسەد بنێرێت".

رۆژنامەکە ئەوەشی نووسیووە: "ئەگەر پێشمەرگە لە شنگال بێت، ئیسرائیل ھیچ ھەڕەشەی لەسەر نابێت، ئەگەر پێشمەرگەش لەوێ نەبێت، ئەوا ئیسرائیل ھەڕەشەی لەسەر دەبێت".

دواتر رۆژنامەكە باس لەوە دەکات، حکوومەتی بەغدا بۆ لاوازکردنی توانای پێشمەرگە، ئامادە نییە مووچەكەیان بدات، بەڵام بوودجەی بۆ گەریلاکانی پەکەکە لە شنگال تەرخان کردووە و مووچەیان پێدەدات.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە ئێران دەیەوێت پەکەکە بەشداری لە ئۆپه‌راسیۆنی ئازادکردنەوەی موسڵدا بکات، ئەمەش بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی ھەرێمێکی سوننی لەو ناوچەیە بكات. ھەروەھا رێگەش نەدات، دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان فراوانتر بێت.

جورۆزلیم پۆست دەڵێن: "ئێران پارەیەکی زۆریشی تەرخانکردووە بۆ دروستکردنی ژمارەی دەزگای میدیایی بۆ بەکارھێنانیان لەدژی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و باشووری کوردستان".

 

بۆ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ به‌ ئینگلیزی و له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی رۆژنامه‌كه‌، كرته‌ لێره‌ بكه‌