بارزانی: دەخوازم دانووستانەكانی جنێڤ لە بەرژەوەندی خەڵكی سووریا بگەنە ئەنجام

ببێتە هۆی كۆتایهێنان بە ئێش و ئازارەكانی گەلی سووریا

K24 - ھەولێر:

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، دەخوازم دانووستاندنەكانی جنێڤ بە خێر و لە بەرژەوەندیی خەڵكی سووریا بگەنە ئەنجام و ببێتە هۆی كۆتایهێنان بە ئێش و ئازارەكانی گەلی سووریا.

مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "ھیواخوازم دانووستاندنەكانی جنێڤ بە خێر و لە بەرژەوەندیی خەڵكی سووریا بگەنە ئەنجام، پشتیوانی خۆیشی دەربڕی بۆ هەر هەوڵێك كە ببێتە هۆی كۆتایهێنان بە ئێش و ئازارەكانی گەلی سووریا".

ئەو گوتانەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە میانی دیدارێكیداھات لەگەڵ ریاز حجاب، سەرۆكی دەستەی باڵای دانوستاندنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا كە دوێنێ لە سەلاحەدین سەردانی بارزانی كرد.

بە گوێرەی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، لەم دیدارەی نێوانیاندا مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ریاز حجاب، سەرۆكی دەستەی باڵای دانوساندنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، باسیان لە بارودۆخی سیاسی و دوا پێشھاتەكانی سووریا و چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی سووریا كردووە.