ئۆباما لە 2012 پلانێكی سی ئای ئەی رەتكردووەتەوە بۆ لابردنی ئەسەد لە دەسەڵات

داگ لاکس، کە ئەفسەرێکی باڵای سی ئای ئەی بووە لەساڵی 2012 و ئێستا کتێبێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاشکرای دەکات سەرۆکی ئەمریکا، پلانێکی ئاژانسەکەیانی رەتکردووەتەوە بۆ لابردنی بەشار ئەسەد

K24 – ھەولێر:

باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا لەساڵی 2012 پلانێکی ئاژانسی ناوەندی ھەواڵگری ئەمریکی سی ئای ئەی، رەتکردووەتەوە بۆ لابردنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا لەسەر دەسەڵات.

داگ لاکس، کە ئەفسەرێکی باڵای سی ئای ئەی بووە لەساڵی 2012 و ئێستا کتێبێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاشکرای دەکات سەرۆکی ئەمریکا، پلانێکی ئاژانسەکەیانی رەتکردووەتەوە بۆ لابردنی بەشار ئەسەد لەسەر کورسی دەسەڵات و ئۆباما رێگەی نەداوە، سی ئای ئەی پلانەکەی جێبەجێ بکات.

لاکس کە لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کاریکردووە و بەشێک لە کارەکەی ئەوە بووە، لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسە باڵاکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە وڵاتانی دراوسێ کۆببێتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ واشنتن بۆ کێشانی پلانێک بەمەبەستی لابردنی ئەسەد لەسەر دەسەڵات و دواتر پلانەکەی سی ئای ئەی بۆ ئۆباما بەرز کراوەتەوە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا پلانەکەی رەتکردووەتەوە.

تا ئێستا کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ھیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو کتێبە و لێدوانەکانی لاکس نەداوە.