حكوومەت ماوەی وەرگرتنەوەی قەرزی بچوك لە ھاووڵاتیان درێژ دەكاتەوە

ھەشت ھەزار كەس سوودمەند بووە

K24 - ھەولێر:

بەرێوبەری سندوقی پشتیوانی گەنجانی لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەپێی بریارێكی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان، بەھۆی قەیرانی داراییەوە، ماوەی ساڵێك زیاد دەكرێت بۆ كەسانەی كە سودمەند بوون لە پرۆژەی قەرزی بچوك، بۆ ئەوەی لە ماوەی ئەمساڵەدا بتوانن قەرزەكە بۆ حكوومەت بگێڕنەوە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) ئارام ئەنوەر، بەڕێوبەری سندوقی پشتیوانی گەنجان رایگەیاند: "بەپێی بڕیاری بەڕێوبەرایەتی سندوقی پشتیوانی گەنجان كە لە دواین كۆبوونەوە بڕیاری لەسەردراوە، بەھۆی قەیرانی داراییەوە ماوەی ساڵێك درێژ دەكرێتەوە، بۆ ئەو كەسانەی كە قەرزەكان بۆ حكوومەت دەگێڕنەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە لەم بارودۆخەدا ھاوكاری ھاووڵاتیان بكرێت".

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ساڵی 2011 لە رێگەی پرۆژەی قەرزی بچوك، بە ئامانجی پاڵپشتی گەنجانی خاوەن پرۆژە و و بەگەرخستنی وزە و توانای لاوان لە ھەرێمی كوردستان،  بڕیاریدا پارەی وەك قەرز بدات بە گەنجان تا ئێستا زیاتر لە 8 ھەزار كەس لە كوردستان لەم پرۆژەیە سودمەند بوون.