شتاینمایەر: رێككەوتنی توركیا و یەكێتی ئەوروپا پێویستی بە كات ھەیە

"پێویستە چاوەڕێی دەرئەنجامی رێککەوتنکە بن و رەخنەی لێی نەگیرێت"

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، فرانک ڤاڵتەر شتاینمایەر بەرگریی لە رێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا کرد، گوتی ئەو رێككەوتنە پێویستی بە كات ھەیە.

شتاینمایەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوانیدا لە بەرلین، رایگەیاند کە پێویستە چاوەڕێی دەرئەنجامی رێککەوتنکە بن و رەخنەی لێی نەگیرێت، لەبەرئەوەی رێککەوتنێکی لەوجۆرە پێویستی بە کات ھەیە.

ھەروەھا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند کە ئامانجی سەرەکی ئەو رێککەوتنە ئەوەیە کە وا لە پەنابەران بکەن، چیدیکە ناچار نەبێت ئەو رێگە مەترسیدارانە بگرنە بەر و ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و شوێنێکی لەباریان لە تورکیا بۆ دابین بکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی: بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەران بەو ھیوایەن رێککەوتنەکە سەرکەوتوو بێت و ئەو پەنابەر و ئاوارانەی لە ئەوروپا دەگەڕێننەوە، ماڵ و شوێنیان بۆ دابین بکرێت.

رۆژی دووشەممە، یەکەم گرووپی پەنابەران لە یۆنانەوە رەوانەی تورکیا کرانەوە کە ژمارەیان 202 پەنابەر بوو، زۆربەشیان خەڵکی پاکستان بوون.