ئەگەر هەیە ئەڵمانیا رێوشوێنەکانی سەر سنووری ئاسایی بکاتەوە

K24-هەولێر
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، تۆماس دوو میزییر لەبارەی رێوشوێنەکانی چاودێریکردنی سنووری وڵاتەکەی کە لە مانگی 9ی ساڵی 2015وە ئەڵمانیا دەستی بە پەیڕەوکردنی کرد بۆ رێگەگرتن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، گوتی ئەگەر هەیە لە 12 مانگی داهاتوو هەڵبگیرێن.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا راشیگەیاند: گوتی ئەگەر هەیە ئەو رێوشوێنانە لە 12 مانگی ئایاری داهاتوو هەڵبگیرێن، ئەگەر ئاستی هاتنی کۆچبەران بۆ ئەڵمانیا بەردەوام بوو لە دابەزین.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری تۆماس دوو میزییری گواستەوە کە: "ماوەی کارکردن بە رێوشوێنەکانی چاودێریکردنی سنوور لە 12 مانگی ئایاری داهاتوو بەولاوە درێژ ناکەینەوە، ئەگەر ژمارەی (کۆچبەران) بەو کەمییە بمێنێتەوە کە لە دوای داخستنی رێگەی بەلقان تۆماری کردووە".
ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی حکوومەتی ئەڵمانیا و چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی ساڵی 2015 زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار کۆچبەر لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە گەیشتوونەتە ئەڵمانیا.
ئەڵمانیا لە مانگی نۆی ساڵی 2015 بەهۆی چوونی زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەر لە رۆژێکدا بۆ ئەو وڵاتە، بڕیاری پەیڕەوکردنی رێوشوێنی توندی دا بۆ چاودێریکردنی سنوورەکانی.
ئا: ئا ، ف