تورکیا بەنیازە ناسنامە لە تۆمەتباران بە تیرۆر بسێنێتەوە

دەیەوێ لە دژی لایەنگرانی پەکەکە بەکاری بهێنێ

K24-هەولێر

وەزیری دادی تورکیا، بەکر بۆزداگ، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند تورکیا کار دەکات بۆ دەرکردنی چەند یاسایەک بۆ لێسەندنەوەی ناسنامەی تورکیی لەو تورکانەی کە "پاڵپشتییان بۆ تیرۆر" لەسەریان ساغ دەبێتەوە.

سەرۆکی کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، دوێنێ سێشەممە، داوایکرد یاسایەکی هاوشێوە دەربکرێ و ناسنامەی تورکیی لە لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بسێنێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستان بە رێکخراوێکی "تیرۆریست ناودەبات".

سەرۆکی کۆماری تورکیا لە وتارێکدا کە لە ئەنقەرەی پایتەختی وڵاتەکەی پێشکەشی کرد گوتیشی: "بۆ ئەوەی رێگەیان لێبگرین و نەتوانن ئازارمان بدەن پێویستە لەسەرمان هەموو رێوشوێنە پێویستەکان بگرینەبەر بە لێسەندنەوەی ناسنامە لە لایەنگرانی رێکخراوە تیرۆریستییەکە". وەک ئاماژەیەک بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان.

ئەردۆغان ئاماژەشی کرد کە: "ئەو کەسانە شایەنی ئەوە نین هاوڵاتیی وڵاتەکەی ئێمە بن، ئێمە ناچار نین ئەوانە قبووڵ بکەین کە خیانەت لە وڵاتەکەیان و گەلەکەیان دەکەن، لایەنگرانی تیرۆر کە ناوی خەڵکی ئاکادیمیان لەخۆیان ناوە و سیخورەکان کە دەڵێن ئێمە رۆژنامەنووس و چالاکوانین و ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن سیاسەتمەدار هیچ جیاواز نین لەگەڵ ئەو تیرۆریستانەی کە بۆمب دەهاوێژن".

رەجەب تەیب ئەردۆغان هاوکات داوای کرد پارێزبەندیی لە پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی تورکیا بسێنرێتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەریی بتوانێ بە تۆمەتی "ریکلامکردن بۆ تیرۆر" دادگاییان بکات.

وەزیری دادی تورکیا، بەکر بۆزداگ هەروەها بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە: دەسەڵاتی پەیوەندیدار دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لە هەواڵەکانی ئاشکراکردنی زانیاریی کەسێتیی هەستیاری 50 ملیۆن هاوڵاتیی تورک، واتا 64% تێکرای هاوڵاتییانی تورکیا.

رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف