ئەمریکا بنكەیەكی دیكەی سەربازی لە عێراق دەکاتەوە

"ھاوكاری ھێزە عێراقیەكان دەكەین لە رزگاركردنی مووسڵ"

K24 - ھەولێر:

بەرپرسێكی سەربازی ئەمریكا رایگەیاند، بە مەبەستی ھاوكاری كردنی زیاتری عێراقییەكان ئەمریكا یەكەیەكی دیكەی سەرباز لە عێراق دەكاتەوە.

بە گوێرەی زانیاری میدیاكانی عێراقی كە لە زاری ئاندریو لویس، جێگری بەڕێوەبەری ئوپەراسیۆنەکانی سوپای ئەمریکا، بڵاویان كردوەتەوە ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئەمریكا رایگەیاندووە: "ئەمریكا یەکەیەکی سەربازی لە عێراق دەکاتەوە کە یارمەتی هێزە عێراقییەکان دەدات بۆ ئامادەکارییەکانیانی رزگاركردنی مووسڵ لە ژێر دەستی داعش".

لویس ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە: " لەکاتێکدا هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پێشڕەویدان لە رۆژهەڵاتی مووسڵ بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە، ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە کە یەکەیەکی سەربازیی بۆ هاوکاریی ئەو هێزانە لە عێراق بکاتەوە".

ئەمە لە كاتێكدایە ئێستا ئەمریکا بنكەیەكی سەربازی لە مەخموور جێگیرکردووە، بۆ هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان و مەشق پێکردنیان، ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکانیش لەو بنکەیە 200 سەربازە.