ناتۆ: رۆڵی توركیا لە رووبەڕووبوونەوەی داعش گرنگ و كاریگەرە

“تەرخانکردنی بنکەی ئینجەرلیک لەلایەن تورکیاوە بۆ ھێزی ھاوپەیمانان کاریگەری زۆریان ھەبووە لە لاوازکردنی داعش لە عێراق و سووریا”

K24 – ھەولێر:

رێکخراوی پەیمانی ئەتڵەسی ناتۆ رایدەگەیەنێت رۆڵی تورکیا لەرووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا، رۆڵێکی گرنگ و کاریگەر بووە.

یەنز شتۆڵتینبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ لە سیمینارێکی تایبەتدا سەبارە بە شەڕی داعش، لە واشنتۆن رایگەیاند: ھاوکاری سەربازی و تەرخانکردنی بنکەی ئینجەرلیک لەلایەن تورکیاوە بۆ ھێزی ھاوپەیمانان، کاریگەری زۆریان ھەبووە لە لاوازکردنی داعش لە عێراق و سووریا.

ھەروەھا سکرتێری گشتی ناتۆ دەشڵێت: ئەگەر تورکیا نەبووایە ئەوا لاوازکردنی داعش ئاسان نە دەبوو.

لەبارەی رۆڵی رووسیا لە قەیرانی سووریا، شتۆڵتینبێرگ رایگەیاند، کە رووسیا ھیچ مەترسییەکی بۆ سەر ئەندامانی رێکخراوی ناتۆ نییە، بەڵام ئەوان نیگەرانن بەرامبەر بە دەستێوەردانی رووسیا لە کاروباری ئۆکراینا.

وڵاتانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، بنكەی ئینجەرلیك بەكار دەھێنن بۆ ھێرشكردنە سەر پێگەكانی داعش و چەكدارانی ئەو رێكخراوە لە عێراق و سووریا.